جام کوردی - شاعیری دیاری کرماشان، "عەلی ئەشرەف نەوبەتی" ناسراو بە "پەرتەو کرماشانی"، مانگی نۆی ساڵی 1931 لە کرماشان لەدایکبووە. باپیری باوکی پەرتەو کرماشانی، لە بنەڕەتدا لە لوڕەکانی بەختیاری بووە کە لە ساڵی 1833 لە سەردەمی بەهرام میرزای قاجاردا ناچاردەکرێن کۆچ بکەن بۆ کرماشان و لەوێ نیشتەجێ بن.
کۆکراوەی شیعرەکانی پەرتەو کرماشانی لە ساڵی 1998دا لە ژێر ناوی
"کوچە باغیها" بە هەوڵی محەمەد عەلی سوڵتانی بڵاوکرایەوە و تاکوو ئێستاش
چەندین جار چاپ کراوەتەوە.
زۆر وتار و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی لەسەر شیعرەکانی پەرتەو کرماشانی
نووسراوە و لە بواری نووسینی غەزەلدا دوای شامی کرماشانی، پێشەنگی شاعیرانی کرماشانە
و بەشێکی شیعرەکانی لەلایەن گۆرانبێژانی ناودارەوە ئاوازیان بۆ دانراوە و بە گۆرانی
گوتراون.
ئەو شاعیرە کوردە، کۆمەڵێک بەرهەمی بەپێزی بە زمانەکانی کوردی و فارسی
هەیە و جگە لە شیعرەکانی، کەسایەتیی خۆی زۆر بووەتە جێگای سەرنجی خەڵکی ئێران و
زێدەکەی کرماشان و ناوچەکانی کوردستان بەگشتی و خۆشەویستییەکی تایبەتی لە دڵی خەڵکدا
هەبووە.
پەرتەو لە باپیری دایکیەوە فێری زمانی کوردی دەبێت و وەک خۆی پێشتر
باسی کردووە، باپیری هاندەرێکی سەرەکیی ناوبراودا دەبێت بۆ چوونە ناو بواری ئەدەب
و زمانی کوردی.
زۆربەی بەرهەمەکانی پەرتەو کرماشانی لە شێوە و فۆرمی غەزەلە و زۆر کەس
بە سەعدیی هاوچەرخ وەسفی دەکەن. تایبەتمەندیی غەزەلەکانی پەرتەو لەوەدایە کە جیا لە
بابەتی خۆشەویستی، کۆمەڵێک بابەتی کۆمەڵایەتیشی لەناو شیعرەکانیدا ورووژاندووە.
وەک ڕێزگرتنێک لەم شاعیرە دیارەی کرماشان، بە پاڵپشتیی کۆمەڵێک لە
چالاکان و ئەدبدۆستانی کرماشانی، لە ساڵی2014وە، رۆژی 18ی مانگی پێنجی هەموو ساڵێک،
وەک ڕۆژی ئەو شاعیرە لە کرماشان دەستنیشان کراوە و یادی خۆی و بەرهەمەکانی دەکرێتەوە.
پەرتەو لە تەمەنی 91 ساڵیدا لە ڕێکەوتی 25/1/2022 لە کرماشان سەری نایەوە و لە ڕێوڕەسمێکدا و بە
بەشداریی هۆگرانی ئەدەب و شیعر و زمانی کوردی تەرمی ئەم شاعیرە لە گۆڕستانی
"باغی فیردەوس"ی کرماشان بەخاک سپێردرا.
ئـــــــهر مردمیشــــــم مردمه، مشتی سوخانم ئهرمهنی
یـــــــەی شووشە لهو بهدمهسهوه پڕ که بزانم ئهرمهنی