جام کوردی - بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی نوێی ئاژانس سەبارەت بە چالاکیی ئەتۆمیی ئێران، لە کاتێکدا کە دۆسیەی بەرجام و بڕیارنامەی ۲۲۳۱ کۆتاییان پێهاتووە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵات کراونەتە ئامانجی دەستدرێژی، جارێکی دیکە بەسیاسییکردنی پرسەکە لە لایەن گرۆسی، پێوەرە دووفاقییەکان و لەسەرحەقبوونی بێ‌متمانەییی تاران ئاشکرا دەکات.

لەکاتێکدا جیهان، دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئێران شەرمەزار کردووە و داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەستەبەرکردنی مافەکانی ئێران و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئەو دەستدرێژییە — لەوانەش تێچووە ژینگەیییەکانی — دەکات، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جارێکی دیکە بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی گوماناوی و جێگەی پرسیار، ڕێڕەوی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ تاران گرتووەتەبەر. ئاژانس بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بەهۆی سنووردارکردنی دەستپێڕاگەیشتنی پشکنەران بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە کراونەتە ئامانجی هێرشی سەربازی، زانیارییەکی جێی متمانەی لەبارەی دۆخی هەنووکەیی، بڕ و شوێنی پاراستنی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەبەردەستدا نییە و داوای دەستپێکردنەوەی بەپەلەی پشکنینەکانی کردووە. ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدا دەخرێتەڕوو کە ئاژانس تەنانەت خۆی لە شەرمەزارکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پاراستووە. ڕوانگەیەکی لەم چەشنە جارێکی دیکە دەری دەخات کە ڕەچاوکردنی سیاسی جێگەی بەرپرسیارێتیی پیشەیی و تەکنیکیی گرتووەتەوە و ڕاپۆرتەکانی ئاژانس دەکرێت ببنە زەمینەسازی بۆ دەستدرێژییەکی دیکە. لە لایەکی ترەوە، بە کۆتاییهاتنی وادەی بڕیارنامەی ۲۲۳۱ی ئەنجومەنی ئاسایش، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران داخراوە و بەردەوامیی ڕاپۆرتدان لە چوارچێوەی پێشوودا، نەک تەنیا پاساوی یاسایی نییە، بەڵکوو بێ‌متمانەییی تاران بەرامبەر ئەم دامەزراوەیە قووڵتر دەکاتەوە و ڕێگەی چارەسەری کێشەکان، لەوانەش کردنەوەی گەرووی هورمز، ئاڵۆزتر دەکات.

دۆسیەی داخراو بە ڕاپۆرت دروستکردن زیندوو ناکرێتەوە

ئاژانس لە بارودۆخێکدا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتە وەرزییەکانی خۆی لەبارەی ئێران کە بە کۆتاییهاتنی بەرجام لە ساڵی ۲۰۲۵ و بەسەرچوونی ئیعتیباری بڕیارنامەی ۲۲۳۱ی ئەنجومەنی ئاسایش، بنەمای پێشووی ئەم ڕاپۆرتدانە کۆتایی پێهاتووە. لە بارودۆخێکی وەهادا، پێویستە دۆخی ئەتۆمیی ئێران بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی و گەمارۆ پەیوەندیدارەکانیش هەڵبگیرێن. جێبەجێکردنی میکانیزمی «پەلەپیتکە» (سناپ‌بەک) لە لایەن وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەردەوامیی ڕاپۆرتنووسینی ئاژانس، لە دژایەتیی ئاشکرادایە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەڵێننامە پەسەندکراوە جیهانییەکاندا. ئەم ڕەفتارە، هاوکات لەگەڵ لاوازکردنی ئیعتیباری ئاژانس، دەستپێشخەرییەکی مەترسیدار لە سیستمی چاودێریی نێودەوڵەتیدا دروست دەکات؛ دەستپێشخەرییەک کە دەتوانێت متمانەی وڵاتانی ئەندام لەناو ببات و تەنانەت زەمینەی پێداچوونەوە لە ئاستی هاوکاری یان کشانەوەی هەندێک لە وڵاتان لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) دەستەبەر بکات. ناکرێت دۆسیەیەک کە بنەما یاساییەکەی کۆتایی پێهاتووە، بە ڕاپۆرتی دووبارە و بانگەشەی نوێ هێشتا بە کراوەیی بهێڵرێتەوە.

گرۆسی؛ لە بەرپرسیارێتیی چاودێرییەوە تا هاوڕێیەتی لەگەڵ دەستدرێژیکاران

ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی ئەم دواییەی ئاژانس لێکچوونێکی ئاشکرای هەیە لەگەڵ بانگەشەکانی ترەمپ سەبارەت بە پێویستیی پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی؛ هەمان ئەو بانگەشانەی کە کرانە بیانووی هەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی ئێران. وا دیارە گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس کە خەونی دەستگەیشتن بە پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لە سەردایە، هێشتا لەبری پاراستنی سەربەخۆیی ئەم دامەزراوەیە، لە یاریگەی ئەمریکادا یاری دەکات. هێرشەکانی جەنگی دوازدە ڕۆژە لە بارودۆخێکدا ئەنجام دران کە ڕاپۆرتەکانی ئاژانس و بڕیارنامەی وڵاتانی ئەورووپی لە شۆرای حوکامدا، یارمەتیدەری زەمینەسازیی سیاسی بوون بۆ دەستدرێژی. لە «جەنگی ڕەمەزان»یشدا ئەو دامەزراوانە کرانە ئامانجی هێرش کە زانیارییە نهێنییەکانیان لە بەردەستی ئاژانسدا بوو. ئەم پرسە پرسیاری جیدی سەبارەت بە چۆنیەتیی پاراستنی زانیارییەکان و بەرپرسیارێتیی ئەم دامەزراوەیە دروست دەکات. گرۆسی پێشتریش بە خستنەڕووی بانگەشەگەلێک سەبارەت بە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو و هەندێک ناوچەی ئەگەری، کەشوهەوای ناڕوونی لە دژی ئێران تۆختر کردبووەوە. لە ئێستاشدا ڕاپۆرتە لایەنگرانەکەی ئاژانس دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ ترەمپ تا بەشێک لە فشارە ناوخۆییەکانی سەرشانی بەهۆی جەنگ‌هەڵگیرساندن لە دژی ئێران کەم بکاتەوە.

پشکنینی دامەزراوە بۆردوومانکراوەکان؛ داخوازییەکی بێ‌پشتیوانی لە ڕێساکانی پەدافەنددا

ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا هاوکارییەکی بەرفراوانی لەگەڵ ئاژانسدا هەبووە؛ بەڵام ڕاگرتنی دەستپێڕاگەیشتنەکان دوای بۆردوومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بڕیارێکە لە ژێر کاریگەریی بارودۆخی جەنگی و زەرورەتە ئەمنییەکانی وڵاتدا دراوە. لە لایەکەوە، هێرشەکان بە پشتبەستن بە زانیاریگەلێک ئەنجام دراون کە سەبارەت بە سەرچاوە و چۆنیەتیی گواستنەوەیان پرسیاری جیدی بوونی هەیە، و لە لایەکی دیکەشەوە، ئاژانس تەنانەت ئامادە نەبووە ئەم دەستدرێژییانە شەرمەزار بکات. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە لە ڕێسا پەدافەندییەکاندا پرۆتۆکۆلێکی دیاریکراو بۆ پشکنینی ئەو دامەزراوانەی بۆردوومان کراون بوونی نییە. کەواتە ناکرێت بەبێ داڕشتنی میکانیزمێکی ڕوون و گەرەنتیکردنی ئاسایشی دامەزراوەکان و زانیارییەکان، چاوەڕوان بکرێت ئێران دەستپێڕاگەیشتنی خێرا قبووڵ بکات. داواکاریی تارانیش داڕشتنی میکانیزمێکی لەو شێوەیەیە بە پەسەندکردنی مافی بەرگریی ڕەوای ئێران و ڕەچاوکردنی پێداویستییە ئەمنییەکان. وڵاتێک کە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و زاناکانی کراونەتە ئامانجی دەستدرێژی، ناتوانێت ئاسایشی نەتەوەیی خۆی پشتگوێ بخات و بەردەوام بێت لە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەیەکدا کە کارکردی ڕووبەڕووی بێ‌متمانەیییەکی جیدی بووەتەوە.

پێوەری دووفاقیی ئاژانس و زەرورەتی پێداچوونەوە بە دۆکتۆرینی ئەتۆمیدا

ڕەفتاری دووفاقیی ئاژانس بەرامبەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی جیهانیش پرسێکە کە ناکرێت چاوپۆشیی لێ بکرێت. ئەم دامەزراوەیە لە بەرامبەر زیادکردنی سەدان ملیار دۆلار لە بوودجەی زلهێزە ئەتۆمییەکان بۆ نوێکردنەوەی جبەخانەکانیان کاردانەوەیەکی کاریگەر نیشان نادات. لێدوانەکانی ئەم دواییەی ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، سەبارەت بە ڕۆڵی چەکی ئەتۆمی لە بەرپەرچدانەوەی ئەم وڵاتەدا نموونەیەکی هەمان ئەم ڕوانگەیەیە. بەرپرسیارێتیی ئاژانس تەنیا چاودێریکردنی چالاکیی ئەتۆمیی وڵاتانی بێ چەک نییە، بەڵکوو چەکداماڵین و لەناوبردنی چەکە ئەتۆمییەکانیش بەشێکە لە بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکان؛ بەرپرسیارێتییەک کە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کاریگەر لە بەدیهاتنیدا نەبینراوە. هاوکات ئاژانس لە بەرامبەر هەڕەشە ئاشکراکانی ترەمپ و نەتانیاهۆ دەربارەی بۆردوومانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەوانەش هەڕەشەی باسکراو لەبارەی «کەلەنگ» و دیاریکردنی خەڵاتی بیست ملیۆن دۆلاریی ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی زانیاری سەبارەت بە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

سەرجەمی ئەم ڕەفتارانە، لە پاڵ دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دژ بە دامەزراوەکان و زانایانی ئەتۆمیی ئێران و دەستەبەرنەبوونی مافەکانی وڵاتەکەمان لە ئەندامێتی لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەدا، گۆڕینی دۆکتۆرینی ئەتۆمیی کردووەتە داخوازییەکی جیدی لە ڕای گشتیدا. ئەم پرسیارە بنەڕەتییە لە ئارادایە کە ئاخۆ ئەندامێتی لە ئاژانس و خۆبەدوورگرتن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، لە بەرامبەر ئاستێکی وەهای هەڕەشە و دەستدرێژیدا، چ دەستکەوتێکی بۆ ئێران هەبووە؟ هەروەها لە جیهانێکدا کە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە کردەوەدا ڕووبەڕووی پێوەری دووفاقی دەبنەوە، پابەندبوونی یەکلایەنە بە بەڵێننامەکان چ گەرەنتییەک بۆ ئاسایشی وڵاتان دەڕەخسێنێت؟ هێنانەئارای باسەکانی گۆڕینی دۆکتۆرینی ئەتۆمی لە نوێژەکانی هەینیدا و بەیاننامەی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری، دەربڕی گۆڕانی ئەم بابەتەیە بۆ داخوازییەکی گشتی بۆ پێداچوونەوە لە دۆخی هەنووکەییدا.

لە کۆتاییدا، دەبێت ڕۆژئاوا لەوە تێگەیشتبێت کە گەمارۆ، هەڕەشە و گوشار، ستراتیژیی ئێران ناگۆڕێت. وەک چۆن بەرپرسانی سەربازی و سیاسی جەختیان لێ کردووەتەوە، بەبێ بەدیهاتنی مەرجە حەوت‌قۆناغییەکانی ئێران، گەرووی هورمز ناکرێتەوە و هەر هەڕەشەیەکیش بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و هاوتەریب لەگەڵ تواناکانی ڕۆژی وڵاتدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە؛ بەئامانجگرتنی سیستمی ڕاداریی ئەمریکا لە بەحرەین نموونەیەکە لەم واقیعە. وەهمی بەکارهێنانی ئاژانس وەک ئامرازێکی گوشاریش دەبێت وەلا بنرێت. ئێران دەربازبوون لە دۆخی «نە جەنگ و نە ئاشتی» نەک لە خۆبەدەستەوەدان، بەڵکوو لە وەڵامدانەوەی توند بۆ هەڕەشە سەربازییەکان، شکاندنی گەمارۆی ئابووری بە پشتبەستن بە توانا ناوخۆییەکان و هاوکاری لەگەڵ دراوسێکان، گرێدانی دیپلۆماسی و مەیدان و پشتبەستن بە دەسەڵاتی خەڵک لە مەیداندا بەدیدەهێنێت. گەرووی هورمز بە گوشار ناکرێتەوە و متمانەی لەدەستچووی سەر ئاژانسیش بە ڕاپۆرتی سیاسی ناگەڕێتەوە.