جام کوردی - مایک پنس، جێگری پێشووی دونالد ترامپ، گەندەڵیی ئەندامانی خێزانی سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی کابینەکەی بە لای خەڵکی ئەمریکاوە بە جێگەی نیگەرانی وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ڕاگرتنی جەنگ دوای تەنها پێنج هەفتە، دەنگدەرانی دڵسارد کردووەتەوە.
مایک پنس، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترامپدا جێگری بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی «میت د پرس»ی تۆڕی هەواڵی «ئێنبیسی» وتی، بە باوەڕی ئەو، یەکێک لە هۆکارەکانی دڵساردیی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرس، ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بوو دوای تەنها پێنج هەفتە و بێ هیچ ڕووناکردنەوەیەکی ڕوون؛ ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە پاش هێرش بۆ سەر ئێران دەست پێ کرابوو.
پنس سەبارەت بە «جەی دی ڤانس»یش وتی: ئەو پیاوێکی باشە، بەڵام لەم بابەتەدا تێڕوانینی ڕاستی نییە.
جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکان لەبارەی گەندەڵی لە دەوڵەتی ترامپدا ڕایگەیاند: ئەندامانی خێزانی هەندێک لە بەرپرسانی کابینە و تەنانەت خێزانی سەرۆک کۆماریش ڕۆڵیان لەم بابەتانەدا هەیە. ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو: ئەم بابەتە بۆ ئەمریکییەکان زۆر جێگەی نیگەرانییە و زیادبوونی سەروەتی پوخت بە بڕی یەک ملیار دۆلار لە ڕێگەی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە، بۆ خەڵک جێگەی سەرسوڕمان بووە.
پنس هەروەها وتی کە بەشێکی زۆری سەرچاوەکانی ئەم زیادبوونە لە سەروەت، پێش ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و لە وڵاتانی عەرەبییدا دابین کراون. ناوبراو بە ئاماژەدان بە گەشتەکانی بۆ ناوچە جیاجیاکانی ئەمریکا زیادی کرد: ئەم بابەتانە زۆرێک لە لایەنگرە سەرسەختەکانی حزبی لە سەرانسەری وڵاتدا نیگەرانی کردووە؛ ئەو لایەنگرانەی کە بەڵێنی هەڵبژاردنیی «وشککردنی باتلۆقی» گەندەڵییان لە یاد نەکردووە.
پنس لە کۆتاییدا وتی: دەوڵەتی ترامپ و بە باوەڕی ئەو، کەسایەتیی جەی دی ڤانسیش، حزبیان خستووەتە ڕێڕەوێکەوە کە دوورییەکی زۆری لە بەرپرسیارێتیی دارایی هەیە.