بەپێی پەیامێک کە خەلیلزاد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سەکۆی «ئێکس» بڵاویکردووەتەوە، ناوبراو داوای لە حکومەتی بەغدا کردووە ڕەزامەندیی دیپلۆماسی نەدات بە دەستبەکاربوونی مسگەریان. خەلیلزاد لە پەیامەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کاندیدە ئێرانییەکە سەرکردەیەکە لە فەیلەقی قودس و پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی سوپای پاسدارانەوە هەیە،
هاوکات پێی وایە پەسەندکردنی لە بەغدا هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و بەهێزکردنی سەروەریی وڵات لاواز دەکات.
لە بەرامبەردا، چاودێرانی سیاسی و میدیا نزیکەکان لە تاران و لایەنە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، بەهای سیاسی و دیپلۆماسیی ئەم هۆشدارییانەی خەلیلزاد دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بەپێی شیکردنەوەکانی ئەو ناوەندانە، خەلیلزاد لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە هیچ پۆستێکی فەرمی لە حکومەتی ئەمریکادا نییە و وەک دیپلۆماتکارێکی خانەنشین قسە دەکات، بۆیە لێدوانەکانی گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمیی واشنتن ناکەن و هیچ پابەندبوونێکی یاسایی یان دیپلۆماسی بۆ حکومەتی عێراق دروست ناکەن.
هاوکات، لە ڕوانگەی گوتاری فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئەم جۆرە لێدوانانەی بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا وەک «دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران» وەسف دەکرێن. بەرپرسان و شرۆڤەکارانی نزیک لە تاران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئاڵوگۆڕی دیپلۆماتکاران و پەسەندکردنی باڵیۆز مافێکی سەروەریی هەردوو وڵاتە بەپێی عورفە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لەم پڕۆسەیە بە ئامانجی دروستکردنی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ لێکدەدەنەوە.
جێی وتنە تا ئێستا حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان سەبارەت بە لێدوانەکانی خەلیلزاد یان ڕێکارەکانی پەسەندکردنی باڵیۆزی نوێی ئێران بڵاونەکردووەتەوە.