وەزارەتی بازرگانیی عێراق ٦٣ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دیناری وەک دووەمین گوژمەی شایستە داراییەکانی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج کردووە. لەم بڕە پارەیە، ٢٠ ملیار و ٩٢١ ملیۆن دینار بۆ هەولێر، ٢٢ ملیار و ٦٠٥ ملیۆن دینار بۆ سلێمانی و ١٩ ملیار و ٨٧٦ ملیۆن دینار بۆ دهۆک تەرخان کراوە. ڕێکارە یاساییەکانی دابەشکردنی پارەکەش لە ماوەی دوو ڕۆژدا تەواو دەکرێن.ئەمساڵ حکومەتی عێراق نزیکەی ٤٠٠ هەزار تۆن گەنمی هەرێمی وەرگرتووە؛ ٢٩٢ هەزار تۆنی لەناو پلانی چاندن و نزیکەی ١٠٨ هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان بووە. کۆی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ئەمساڵ نزیکەی ٣٠٠ ملیار دینار خەمڵێنراوە، لە کاتێکدا لە تشرینی یەکەمدا یەکەم گوژمەی ١٥ ملیار و ٢٤٥ ملیۆن دینار گەیشتە هەرێم.