جام کوردی - بەغدا هۆشداریی توند دەدات و ڕایگەیاند کە زانیاری و ڕاپۆرتی وردی لەبەردەستدایە سەبارەت بەوەی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو بڕەی کە خۆیان باسی دەکەن، زیاترە.
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ڕەشنووسی بودجە، پێویستە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە لانیکەم بڕی ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات، لە کاتێکدا لایەنی هەرێم بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمترە لەو ڕێژەیە.
عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی فیدراڵ بەرپرسە لە پاراستنی داهاتی گشتی و سەرچاوە سروشتییەکان کە موڵکی هەموو عێراقییەکانن، بۆیە داهاتەکان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی گشتی. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لەم بارەیەوە.