ئێوارەی ئەمڕۆ، وەک قۆناغی یەکەم ١٥ تانکەر نەوتی سپی ماڵان بۆ دهۆک نێردرا و بڕیارە سبەی چوارشەممە دەست بە دابەشکردنی لە دهۆک بکرێت. هەروەها لە ڕۆژانی داهاتوودا نەوت بۆ هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجەش دەنێردرێت و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش دەکرێت.
حکومەتی عێراق لە قۆناغی یەکەمدا ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت دەنێرێت کە بەشی ٥٠٠ هەزار خێزان دەکات؛ هەر خێزانێک ١٠٠ لیتر بە نرخی ٣١ تا ٣٢ هەزار دینار وەردەگرێت. سەرۆکوەزیرانی هەرێمیش ئەم بڕەی بە کاروانی یەکەم ناوبرد و هیواخوازی ناردنی کاروانی دیکە بوو.بەپێی زانیارییەکان، پێش گەیشتنی نەوتەکەش نرخی هەر بەرمیلێک ٢٠ تا ٢٥ هەزار دیناری دابەزیوە و چاوەڕوان دەکرێت بە دەستپێکردنی دابەشکردن، نرخی هەر بەرمیلێک ٦٠ هەزار دیناری دیکە دابەزێت و بگاتە نزیکەی ٣٢٠ هەزار دینار بە کرێی گواستنەوەوە.