جام کوردی - ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەندێک لە ڕەوتە سیاسییەکانی شیعە و گرووپەکانی بەرگری (موقاوەمە)، وەک یەکێک لە گرنگترین تەحەددییە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٦دا ئەژمار دەکرێت. تەوەرەی سەرەکیی ئەم ناڕەزایەتییانە، پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک، سنووری دەسەڵاتەکانی حکومەت و پێگەی گرووپەکانی بەرگرییە لە ناو پێکهاتەی سیاسی و ئەمنیی عێراقدا. داهاتووی ئەم ناکۆکییە بەندە بە توانای حکومەت بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتی سەروەریی نیشتمانی، داواکارییەکانی ڕەوتە شیعەکان و ڕۆڵی گرووپەکانی بەرگریدا. ئەسغەر زارعی، شارەزای پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "نورنیوز" وردەکارییەکانی ئەم کێشانەی عێراق دەخاتە ڕوو.

 حکومەتی عێراق لە نێوان دووڕیانێکدا

عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە مانگەکانی ڕابردوودا هەوڵی داوە سیاسەتی "کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا" جێبەجێ بکات و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی فەرماندەیی ڕاستەوخۆی حکومەت ناچار بکات پابەندی پێکهاتەی فەرمیی هێزە چەکدارەکان بن. ئەم هەنگاوە لەلایەن هەندێک لە گرووپەکانی بەرگرییەوە، بەتایبەت "کەتائیبی حیزبوڵڵا" و "بزووتنەوەی نوجەبا"وە، ڕەت کراوەتەوە. ئەم گرووپانە پێیان وایە بوونی هێزە بیانییەکان و هەڕەشە ئەمنییە ناوچەییەکان هێشتا پاساو بۆ پاراستنی توانای بەرگریی موقاوەمە دەهێنێتەوە. لە بەرامبەردا، حکومەت جەخت دەکاتەوە کە بڕیاردان لەسەر جەنگ و ئاشتی دەبێت تەنها لە دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکانی وڵاتدا بێت.

ئەم ناکۆکییە تەنها پرسێکی سەربازی نییە، بەڵکو ڕەگی سیاسی و ئابووریشی هەیە. هەندێک لە ڕەوتە شیعەکان نیگەرانن لەوەی سنووردارکردنی دەسەڵاتی سەربازیی بەرگری، ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەژموونی سیاسییان و لاوازبوونی پێگەیان لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێراقدا. لە لایەکی تریشەوە، حکومەتی عێراق لەژێر گوشارەکانی ئەمریکادایە و لە پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان دەترسێت، بۆیە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ئەکتەرە دەرەکییەکاندا دروست بکات.

دەتوانرێت بوترێت، داهاتووی ئەم ململانێیە بەندە بە توانای حکومەت بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان سەروەریی دەوڵەت و ڕۆڵی گرووپەکانی بەرگۆیدا. هەر جۆرە هەنگاوێکی خێرا و سەرپێیی دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی درز و ناتەبایی لە ناو ماڵی شیعەی عێراقدا؛ لە بەرامبەردا، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی و یاسایی دەتوانێت زەمینەی سەقامگیریی عێراق و ڕێگریکردن لە گۆڕانی جیاوازییە سیاسییەکان بۆ قەیرانی ئەمنی فەراهەم بکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ ئەسغەر زارعی:

ڕەگی سەرەکیی ناکۆکییەکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ گرووپەکانی بەرگری لە چییە و کەی ئەم کێشانە جیدیتر بوون؟

زارعی: بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەبێت سەیری گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بکەین. گرووپەکانی بەرگری دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام و بەتایبەت لە کاتی شەڕی داعشدا، بوونە یەکێک لە ئەکتەرە ئەمنی و سیاسییە گرنگەکانی وڵات. ئەم گرووپانە لە تەنیشت هێزە فەرمییەکانی عێراق ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و وردە وردە خاوەنی توانایەکی زۆری ئۆپەراسیۆنی، ڕێکخراوەیی و چەکداری بوون.

لە ساڵانی ڕابردوودا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەوڵیان دا ئەم هێزانە لە ناو پێکهاتەی فەرمیی بەرگریی وڵات، بەتایبەت "دەستەی حەشدی شەعبی"دا ڕێک بخەن. بەڵام پرسی فەرماندەیی، سەربەخۆیی ئۆپەراسیۆنی و پێگەی سیاسیی گرووپەکانی بەرگری هێشتا وەک بابەتێکی جێی مشتومڕ ماوەتەوە. لە حکومەتی ئێستادا، ئەم پرسە بەهۆی گوشارە دەرەکییەکان و بەتایبەت سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، چووەتە قۆناغێکی هەستیارتر. پێدەچێت واشنتۆن دەیەوێت حکومەتی عێراق کۆنترۆڵێکی زیاتر بەسەر چالاکییە سەربازییەکانی ئەم گرووپانەدا بسەپێنێت و ڕێگری بکات لە دروستبوونی هەر توانایەکی سەربەخۆی سەربازی کە کاریگەریی هەبێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.


پرسیار: سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا چ کاریگەرییەکی هەبووە لەسەر زیادبوونی ناکۆکییەکان لەگەڵ گرووپەکانی بەرگری؟

زارعی: سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا دەبێت لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی بەغدا و واشنتۆندا لێک بدرێتەوە. عێراق لە ڕووی ئابووری و داراییەوە هێشتا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمریکاوە هەیە. پرسی داهاتە نەوتییەکان، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە دراوییەکان، ئاڵوگۆڕە بانکییەکان و هاوکارییە ئابوورییەکان، ئەو ئامرازانەن کە دەتوانن ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت.

سروشتییە کە ئەمریکا ئەم دەرفەتانە بۆ کاریگەری خستنە سەر بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بەکار دەهێنێت. هەرچەندە ناتوانرێت بەبێ بەڵگەی فەرمی باس لە ڕێککەوتنی نهێنی بکرێت، بەڵام ئەگەری ئەوە زۆرە کە پرسی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و سنووردارکردنی چالاکییەکانی بەرگری، یەکێک بووبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی هەردوو وڵات. بە بڕوای من، واشنتۆن هەوڵ دەدات پشتبەستنی ئابووری و دارایی عێراق بەکاربهێنێت بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ناوخۆی وڵاتدا؛ بە جۆرێک کە بەغدا سیاسەتێکی هاوئاهەنگتر لەگەڵ ویستەکانی ئەمریکا بەرامبەر گرووپەکانی بەرگری بگرێتە بەر.


پرسیار: بۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێندە جەخت لەسەر سنووردارکردنی گرووپەکانی بەرگری لە عێراق دەکاتەوە؟

زارعی: عێراق خاوەنی پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی زۆر هەستیارە. ئەم وڵاتە لە لایەکەوە سنووری هاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و لە لایەکی تریشەوە بە عەرەبستانی سعوودی، ئوردن، سووریا و ناوچەی کەنداوەوە بەستراوەتەوە. هەروەها نزیکیی جوگرافیای عێراق لە خاکە داگیرکراوەکان و ڕێڕەوەکانی پەیوەندیی ناوچەکە، گرنگییە ئەمنییەکەی دوو هێندە کردووە.

لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، بوونی گرووپە بەهێزەکانی بەرگری لە عێراق دەتوانێت هاوکێشە سەربازی و ئەمنییەکانی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی تێک بدات. بەتایبەت لە کاتێکدا کە گرژییە ناوچەییەکان زیادیان کردووە و بەرە جیاوازەکانی بەرگری لە لوبنان، یەمەن و شوێنەکانی تر چالاکن، توانای ئۆپەراسیۆنیی گرووپە عێراقییەکان بۆ ئەمریکا بایەخێکی تایبەتی هەیە. هەر بۆیە، یەکێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا، دروستکردنی سنوورە بۆ توانای سەربازیی سەربەخۆی ئەم گرووپانە و گەرەنتیی پاراستنی بنکە و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا.


پرسیار: ئایا ئەمریکا دەیەوێت هەمان مۆدێلی لوبنان بۆ گرووپەکانی بەرگری لە عێراق جێبەجێ بکات؟

*زارعی: پێدەچێت لە نێوان سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپەکانی بەرگری لە عێراقدا لێکچوون هەبێت. واشنتۆن لە لوبنان هەوڵی داوە لە ڕێگەی گوشاری سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە، پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا بکاتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی هاوکێشە ناوخۆییەکان. ئێستاش ئەم نیگەرانییە هەیە کە ئەمریکا بیەوێت بە بەکارهێنانی توانای حکومەتی ناوەندیی عێراق، هەمان گوشار بخاتە سەر گرووپەکانی بەرگریی ئەم وڵاتە.

بێگومان بارودۆخی عێراق لەگەڵ لوبنان جیاوازە. لە عێراقدا، گرووپەکانی بەرگری خاوەنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی جیاوازن و بەشێک لە هێزەکانیان لە چوارچێوەی "حەشدی شەعبی" و پێکهاتەی فەرمیی ئەمنیی وڵاتدا چالاکیی دەکەن. بۆیە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ سڕینەوە یان لاوازکردنی ئەم کۆمەڵانە ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی زیاتر دەبێتەوە.


پرسیار: ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا بە گوشار خستنە سەر سوپای عێراق، زەمینەی پێکدادانی سەربازی لەگەڵ گرووپەکانی بەرگری فەراهەم بکات؟

زارعی: ئەمە یەکێکە لە نیگەرانییە جیدییەکان لە بارودۆخی ئێستادا. ئەگەر ناکۆکییە سیاسییەکان بە شێوەیەکی لۆژیکی بەڕێوە نەبرێن و حکومەت بیەوێت بە شێوازێکی بەرەنگارییانە کێشەی چەک چارەسەر بکات، ئەگەری زیادبوونی گرژییە ئەمنییەکان دەبێت.

بەڵام دەبێت بزانین سوپای عێراق و هێزەکانی بەرگری لە ساڵانی ڕابردوودا لە شەڕی دژی داعشدا هاوکارییەکی فراوانیان هەبووە و بەشێکی گرنگ لە توانای بەرگریی وڵات لەم هاوکارییانەدا دروست بووە. بۆیە گۆڕینی ئەم کۆمەڵانە بۆ لایەنی بەرامبەر و نەیاری یەکتر، دەبێتە هۆی زیانی قەرەبوونەکراوە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق. لە هەمان کاتدا، ناتوانرێت ئەگەری گوشارە ئەمنییەکان و تەنانەت هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی هەندێک لە گرووپەکان پشتگوێ بخرێت، کە ئەوەش عێراق دەخاتە ناو قەیرانێکی ئەمنی ئاڵۆزەوە.


پرسیار: بێدەنگی یان هەڵوێستی مەرجەعییەتی باڵای عێراق لەم ناکۆکییانەدا چ گرنگییەکی هەیە؟

زارعی: مەرجەعییەتی باڵای شیعە لە نەجەف هەمیشە یەکێک بووە لە گرنگترین هۆکارە کاریگەرەکان لەسەر سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراق. ئایەتوڵڵا سیستانی لە قۆناغە جیاوازەکاندا نیشانی داوە کە پاراستنی سەربەخۆیی عێراق، ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی بیانی و پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی لای ئەوان بایەخی سەرەکیی هەیە.

لە بارودۆخێکی وەهادا، دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان پشتگیریکردن لە سەروەریی یاسایی حکومەت و پشتگیریکردن لە سیاسەتی گوشاری بیانی. سروشتییە کە هیچ کام لە ڕەوتە سیاسی و ئایینییەکانی عێراق نایانەوێت ناکۆکییە ناوخۆییەکان ببێتە ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەمریکا. هاوڕانەبوونی مەرجەعییەت لەگەڵ ڕێکارە توند و بەرەنگارییەکان، دەتوانێت پەیامێکی سیاسیی گرنگ بێت بۆ حکومەتی بەغدا.


پرسیار: سەردانی فەرماندە ئێرانییەکان بۆ بەغدا و ڕاوێژکردن لەگەڵ گرووپەکانی بەرگری چ پەیامێکی هەیە؟

زارعی: ئێران بەهۆی پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و مێژووییەکانی لەگەڵ عێراق، بە هەستیارییەوە چاودێریی گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە دەکات. لەم سۆنگەیەوە، گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی ئێرانی، حکومەتی عێراق و گرووپەکانی بەرگری دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی ناکۆکییەکان و بەڕێوەبردنی گرژییەکان لێک بدرێتەوە. تاران لە لایەک جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەکاتەوە و لە لایەکی تریشەوە، گرووپەکانی بەرگری بە بەشێکی گرنگ لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە دەزانێت. ئامانجی ئەم ڕاوێژانە دروستکردنی جۆرێک لە لێکتێگەیشتنە کە سەروەریی عێراق بپارێزێت و ڕێگری لە پێکدادانی ناوخۆیی بکات.


 ئەم ناکۆکییانە چۆن بەڕێوە دەبرێن و چ سیناریۆیەک لەبەردەم عێراقدایە؟

زارعی: داهاتووی ئەم پرسە بەندە بەوەی حکومەتی عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ گرووپەکانی بەرگری دەکات و تا چەند بڕیارەکانی بەغدا لەژێر کاریگەریی گوشارە دەرەکییەکاندا دەبن. ڕێگەی سەرەکی، گفتوگۆی سیاسی و گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی نیشتمانی. حکومەت دەبێت لە پاڵ پاراستنی دەسەڵاتی یاسایی خۆی، پێگەی گرووپەکانی بەرگری و ڕۆڵیان لە ئاسایشی نیشتمانی بناسێنێت. لە بەرامبەردا، گرووپەکانی بەرگریش دەبێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا، ڕێکارە سیاسی و یاساییەکان بخەنە پێشینەی کارەکانیان.

ئەگەر حکومەت بخوازێت تەنها بە گوشاری ئەمریکا و بەبێ ڕێککەوتنی ناوخۆیی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی زیاد دەکات. عێراق نابێت ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە بیانییەکان. هەر جۆرە بڕیارێک دەبێت لە ناوخۆی عێراق و بەپێی دەستوور و بەرژەوەندیی خەڵک بێت، دەنا مەترسیی قەیرانی ئەمنی و درزێکی قووڵ لە کۆمەڵگەی عێراقدا لە ئارادایە.