شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی، ڕایگەیاند کە دابەشکردنی نەوتی سپی بە قۆناغ ئەنجام دەدرێت؛ سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە ساردەکان، وەک پێنجوێن، قەڵادزێ، شارباژێڕ و هەورامان دەست پێدەکات، پاشان ناوچەکانی دەرەوەی شار و سەنتەری شارەکان دەگرێتەوە.لە کۆی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی دیاریکراو بۆ هەرێمی کوردستان، ٢٠ ملیۆن و ٤٦٨ هەزار لیتر پشکی سلێمانی و هەڵەبجەیە؛ کە ١٩ ملیۆن و ٣١٤ هەزار لیتر بۆ سلێمانی و یەک ملیۆن و ١٥٤ هەزار لیتر بۆ هەڵەبجە دیاریکراوە. هەر خێزانێکیش ١٠٠ لیتر نەوت بە نرخی ٣٢ هەزار دینار وەردەگرێت.لەبارەی غازی ماڵانەشەوە، عوسمان دڵنیایی دا کە سەرەڕای وەستانی بەشی بارکردنی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، هیچ کەمییەک لە غاز و بەرزبوونەوەی نرخ ڕوونادات، چونکە بڕی پێویست لە کۆگاکاندا هەیە. هەروەها کارگەکانی غاز بەردەوامن و چاودێریی بازاڕ دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و بەرزکردنەوەی نرخ.