لە ئەنجامی پەلامارێکی ئاسمانیی عەرەبستانی سعودی بۆ سەر پاسێک و سێ لۆریی بارهەڵگر لە پارێزگای لەحجی یەمەن، ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل کوژران و بریندار بوون. وەزارەتی تەندروستیی یەمەن توند ئەم هێرشەی سەرکۆنە کرد و ئامانجگرتنی ئاشکرای ئۆتۆمبێلە سڤیلەکانی بە «کۆمەڵکوژییەکی نوێ» ناوەزدە کرد، کە ناوچەی «معبق»ی لە شارۆچکەی «المقاطره» کردبووە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، فڕۆکە جەنگییەکانی عەرەبستان چوار جار شاری «المخا»یان لە پارێزگای تەعز بۆمبەباران کرد، بێ ئەوەی تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی قوربانییەکانی ڕابگەیەنرێت.
لە لایەکی ترەوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، ڕایگەیاند کە هێزەکانی عەرەبستان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٨١ پەلاماری ئاسمانی و مووشەکییان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی وەک سەنعا، جۆف، تەعز، سەعدە، مأریب، لەحج، بەیدا و حودەیدە، کە بەهۆیەوە چەندین کەسی سڤیل ببوونە قوربانی. ناوبراو کۆی گشتیی پەلامارە ئاسمانی و مووشەکییەکانی عەرەبستانی لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەرەسەندنی گرژییەکانەوە بە ٥ هەزار و ٥٨١ ڕاگەیاند.