جام کوردی - به‌قسه‌ی ئه‌ندامێكی ئه‌و لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق پێكهێنراوه‌، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، لیژنه‌كه‌یان میوانداری هەریەک لە وەزیری نەوتی فیدراڵی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش بە مەبەستی بەدواداچون بۆ دۆسیه‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت.

تەها دیفاعی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی و ئەندامی لیژنەی کاتیی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، ئەمڕۆ دوشەممە، به‌ روداوی راگه‌یاند "لیژنەکەمان رۆژی پێنجشەممە میوانداریی وەزیرانی نەوتی فیدراڵی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات".

دیفاعی ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانج لەو میوانداریکردنە، ئاگاداربون و بەدواداچونە لەسەر پرۆسەکانی "بەقاچاخبردنی نەوت لە سنورەکانی کەرکوک و ناوچەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک".

بەقسه‌ی ئەو ئەندامەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان، ئەم هەنگاوە لە پێناو تەواوکردنی راسپاردەکانی راپۆرتی کۆتایی لیژنەکەیاندایە تایبەت بەو دۆسیەیە.

ئه‌ركی ئه‌و لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌ كه‌ له‌ 11ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێكهێنرا، بریتییە لە بەدواداچون بۆ راپۆرتی تەکنیکی و هەواڵگریی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە سنوری ناوچەی جورف سەخرو ئه‌و زانیارییە هەواڵگرییانه‌ی باس له‌ ڕێڕەوی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق لە کێڵگەکانی کەرکوک و هەرێمی کوردستانەوە بەناو ئێراندا تا دەگاتە ئەفغانستان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ به‌دواداچون بۆ ئەو هێرشه‌ی کە کێڵگەی غازی کۆرمۆری كرده‌ ئامانج.