بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بودجەی ساڵی داهاتووی ئەم وڵاتە لە سەر بنەمای پلانی دارایی مامناوەندی سێ ساڵە دادەڕێژرێت بە ئامانجی دەستەبەرکردنی کارایی ئابوری، بەتایبەتی کە خەرجییەکانی حکومەت نزیکەی لەسەدا 50 ی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ئامادەکردنی بودجە بە هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان و لە سەر بنەمای یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ئەنجام دەدرێت.
ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە بودجەی گشتی لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی ئابوریی وەزیران، پێش ئەوەی بە پێی پرۆسەی یاسایی بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران، دواتر ڕەوانەی حکومەت دەکرێت بۆ وتووێژکردن و پێداچوونەوە بە پرەنسیپ و گۆڕاوەکانی.
مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2026 لە سەر بنەمای ئەزموونی سەرکەوتووی پلاندانانی دارایی مامناوەندی سێ ساڵە پەرەی پێدەدرێت، بە پێی یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13 ی ساڵی 2023.
وتیشی: خەرجییەکانی حکومەت نزیکەی لەسەدا 50 ی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت، ئەمەش پێویستی بە وردبینییەکی زۆر بەرزە لە پلاندانان بۆ دڵنیابوون لە کارایی ئەدای ئابوری./.