جام کوردی - گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ مافەکانمان نەدەن، دەبێت کۆتایی بە ئاگربەست بهێندرێت.

 ئیبراهیم رەزایی، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی نیسانی 2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نابێت ئاگربەست درێژبکرێتەوە، مەگەر مافەکانی ئێران، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز بە فەرمی بناسرێن، ئەگەر نا دووبارە جەنگ روودەدات.

 وتیشی: "بڕیار نییە ئەو کەشوهەوایەی بەهۆی ئاگربەستەوە رەخساوە، بۆ شەڕانگێزیی دووبارە و خۆپڕچەککردنەوەی لایەنی بەرامبەر بەکاربهێنرێت."

 ئیبراهیم رەزایی دەڵێت، "نابێت ئاگربەست درێژبکرێتەوە مەگەر مافەکانی ئێران، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز بە فەرمی بناسرێن، یان بگەڕێنەوە بۆ جەنگ."

 رەزایی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هێرشی کردە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و گوتی، "ئەگەر مافەکانمان نەدەن، ئەو ئاگربەستەی کە بووەتە هۆی وەحشیگەریی ئەمریکییەکان و زایۆنییەکان، وەک ددانێکی لەق دەبێت هەڵبکەندرێت و فڕێ بدرێت."