جام کوردی - جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ لە حەوت مانگی ڕابردوودا بە ١٠ هێندە زیادی کردووە، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی شەڕی ڕابردوو توانای تاکتیکیی و ستراتیجیی خۆیان پەرە پێداوە.

فەریق عەلی ڕەزا شێخ، جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران، سەبارەت بە پەرەدان بە توانا سەربازییەکانیان و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییدا زانیاریی نوێی خستە ڕوو.

عەلی ڕەزا شێخ ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ لە حەوت مانگی ڕابردوودا بە ١٠ هێندە زیادی کردووە، ئەم زیادبوونە لە ئەنجامی ئەو وانانە بوو، کە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییەدا وەرگیراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی شەڕی ڕابردوو، توانای تاکتیکیی و ستراتیجیی خۆیان پەرە پێداوە، ئامانجی ئەم ئامادەکارییانە بۆ چارەسەرکردنی هەر سیناریۆیەکی ئەگەرییە لە داهاتوودا، لەوانەش ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ.

وتیشی: خێرایی وەڵامدانەوەی هەڕەشەکان و بەرزبوونەوەی توانای پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانی دوژمن گەیشتووەتە ئاستێکی کاریگەر، ئەمەش بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی بەکارهێنانی ئەزموونی شەڕکردن و مۆدێرنکردنی بەردەوامی شێوازەکانی مەشق و پلاندانانی سەربازیی دەزانێت.

جەختی لەوە کردەوە، هێزە چەکدارەکان کار دەکەن بۆ سوودوەرگرتن لە هەموو توانا نیشتمانییەکان بۆ بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانیان، هەروەها هەر چالاکییەکی سەربازیی ئەگەریی لە لایەن “دوژمن”ەوە بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە.