جام کوردی ـ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، ئێران لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانییەوە پێشنیازێکی نوێی پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ریککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێشنیازە ئێرانییەکە داوا دەکات دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دیکە دوابخرێن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئێران سەبارەت بەو سازشانەی کە پەیوەستن بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە سەردانەکەیدا بۆ پاکستان تاوتوێی ئەم پێشنیازەی کردووە، کە لە قۆناغی یەکەمدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی تەنگژەی گەرووی هورمز و گەمارۆکانی ئەمریکا دەکاتەوە، دواتر و لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەست بە دانوستانە ئەتۆمییەکان بکرێت.

هەروەها پێشنیازەکە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەیەکی درێژ یان گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەخۆدەگرێت، پێش ئەوەی باس لە هەر رێککەوتنێکی ئەتۆمی بکرێت.