جام کوردی - لە کاتێکدا شەوی ڕابردوو ترەمپ لە شاشەی بەرنامەی "٦٠ خولەک" (60 Minutes)ی بەناوبانگترین بەرنامەی ئەمریکا هاواری دەکرد و جەختی دەکردەوە: "من دەستدرێژیکار نیم بۆ سەر منداڵان و هیچ پەیوەندییەکم بە ئێپستاینەوە نەبووە" و چووەسەر وەسفکردنی ئەو کەسەی هەوڵی تیرۆرکردنی دابوو بە "کەسێکی نەخۆش".

لەپڕێکدا، شانۆگەرییە خراپدەرهێنراوەکەی تیرۆرکردن، تارمایی ئێپستاین (Epstein)ی گەڕاندەوە پێشەوە، ئەویش لە کاتێکی یەکجار هەستیاردا، کە ترەمپ بەدەست دابەزینی ڕوونی ئاستی جەماوەرییەوە دەیناڵاند لە ناوخۆی ئەمریکادا، بەڵام پارادۆکسە شۆککەرەکە

لە کاردانەوەکەدا بوو: هەر کە تۆمەتبارەکە بە هەوڵی تیرۆرکردنی وتی، کە هەوڵیداوە بیکوژێت، وەک "تۆڵەکردنەوە بۆ ئەو منداڵانەی دەستدرێژییان کراوەتەسەر"، ترەمپ خۆی لەبەردەم شەپۆلێکی هاوسۆزیی گەل و جیهان بۆ تۆمەتبارەکە بینییەوە.

لە ناو جەرگەی ئەم پشێوییە ناوخۆییەدا، ئێران بەسەقامیگری و زیرەکییەوە لەسەر تەختەی شەترەنجی جیۆپۆلیتیکی دەجووڵایەوە بۆ تێکدانی پلانەکانی ترەمپ بەشێوەیەکی سیستماتیک. ترەمپ هەوڵیدەدا لەسەر مێزی دانوستان ئەو سازشانە وەربگرێت کە لە مەیدانی جەنگدا شکستی هێنابوو لە بەدەستهێنانیان، بەو بڕوایەی کە ئەو گەمارۆیەی سەپاندوویەتی دەبێتەهۆی نەمانی کاڵاکان لە ناو ئێران و پاشان هەڵگیرسانی تووڕەیی گەل دژی ڕژێم.

بەڵام ئەو پرسیارە هەرە گرنگەی فەرامۆش کرد: ئایا ئێران لەم سیناریۆیە بێئاگا بوو؟

تاران، کە لە یەک کاتدا کەوتبووە بەر هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل و لە هەمان ڕۆژدا وەڵامی دابوونەوە، نەک هەر بۆ گەمارۆکە ئامادە بوو، بەڵکو لە ڕاستیدا توانی تێیپەڕێنێت.

لێرەدا عەباس عێراقچی دەردەکەوێت، یاریزانێکی سیاسیی یەکجار لێهاتوو، کە لە بازاڕەکانی ئەسفەهانەوە هاتووە و لە بنەماڵەیەکی دێرینی بازرگانی فەرشە.

ئەو بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بەرەنگاری ترەمپ نەبووەوە، بەڵکو لە دانوستانە بێسوودەکاندا دایڕزاند و لێی خوارد، لەو ڕێگەیەشەوە گرنگترین چەکی بەدەستهێنا، کە

ئەویش "کات" بوو. کات بووە چەکێکی فشار لەسەر واشنتۆن، لە سایەی قەیرانی وزەی جیهانی و هەڵاوسانی بازاڕەکانی ئەمریکا، و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، کە داوای

ملیارەها دۆلار پاڵپشتی لە ترەمپ دەکەن بۆ داپۆشینی تێچووی سووتەمەنی. تەنانەت هاوپەیمانە نزیکەکەی، ئیمارات، کەوتووەتە دۆخێکی نالەبار و بەدوای پاڵپشتی ئەمریکیدا دەگەڕێت.

لەو کاتەی ئەم دیمەنە دروستدەبوو، کەشتییەنەوتهەڵگرەکانی ئێران ڕێگەی خۆیان دەبڕی و گەمارۆکەیان تێدەپەڕاند بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئاوە هەرێمییەکانی پاکستانەوە بگەنە هیندستان. هاوکات لەگەڵ جێهێشتنی پاکستان لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیسلامئاباد هەنگاوێکی ستراتیژیی یەکلاکەرەوەی ڕاگەیاند: پێدانی ماف بە ئێران بۆ ئەنجامدانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی تر لە ڕێگەی خاکەکەیەوە، لە ڕێگەی "فەرمانی ترانزێت"، کە دەستبەجێ چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بەمەش، هەر وڵاتێکی سێیەم دەتوانێت کاڵاکانی لە ڕێگەی تۆڕی ڕێگەوبانی وشکانی و بەندەرەکانی پاکستانەوە (وەک گوادەر، قاسم، ئۆرمارا، پاسنی، تەفتان، کوێتە و خوزدار) هەناردەی ئێران بکات.

ئەو هەڵەیەی ترەمپ کردی، پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییە بوو، کە پاکستان گۆڕەپانی هەژموونی چینە. لە چوارچێوەی شارستانیەتی "هونەری جەنگ"ی چینیدا کە بە سەبری ستراتیژی سەردەکەوێت، و لەگەڵ ئاوێتەبوونی بە شارستانیەتی فارس، کە یاری شەترەنجی تێدا

پەرەپێدراوە، ئاسان بوو هەنگاوەکانی ترەمپ پێشبینی بکرێن و لە کاتی گونجاودا تێپەڕێنرێن. ئەنجامەکە: کاڵاکانی چین ئێستا لە ڕێگەی پاکستانەوە بەرەو بازاڕەکانی ئێران دەڕژێن.

لە ناو جەرگەی ئەم وەرچەرخانەدا، لێدوانەکەی ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات، ئاستی شێواوییەکەی نیشان دا: "ئێران، وەک هێزێکی زلهێز ڕەفتار دەکات، تەنانەت بێ چەکی ئەتۆمیش.. خەیاڵبکەن ئەگەر هەیبوایە." لێدوانێک کە واتا و ئاماژەی قووڵی تێدایە، بەتایبەت کە لە پیاوێکەوە دەرچووە کە پێشتر سەیری ترەمپ و نەتانیاهۆی دەکرد، وەک هێزێکی نەبەزێنراو.

دواتر عێراقچی چوو بۆ سانت پترسبۆرگ و لە کتێبخانەی سەرۆکایەتی یەڵتسین لەگەڵ پوتین کۆبووەوە. هەڵبژاردنی شوێنەکە بێ سیمبوڵ نییە. پەیامەکە ڕوونە: لە کاتێکدا

"ئیمپراتۆر ترەمپ" لە ناوخۆدا بەهۆی دابەزینی جەماوەرییەوە گەمارۆدراوە و واشنتۆن بەهۆی گەڕانەوەی تارمایی ئەپستاین دەکوڵێت، هەردوو لایەنی ژێر سزاکانی ئەمریکا (ئێران و ڕوسیا) دادەنیشن بۆ ئەوەی بە کردەیی ئاهەنگی هەرەسهێنانی یەکێک لە گرنگترین چەکەکانی فشار ئاهەنگ بگێڕن، کە ئەویش سزاکانە. ئەمە ساتێکە، کە سەرەتای داخورانی هەژموونی دۆلار، وەک ئامرازی سزا و سەرهەڵدانی سیستمێکی نوێی جیهانی ڕادەگەیەنێت. پاشان پوتین گرنگترین پەیامی ڕاگەیاند: "ڕوسیا، هاوشێوەی ئێران، مەبەستمانە بەردەوام بین لە پەیوەندییەستراتیژییەکانمان".

ئەمە مانای تەواوی پاڵپشتی سەربازیی ڕوسیا دەگەیەنێت بۆ ئێران بۆ پاشەکشەپێکردنی ترەمپ ئەگەر بیری لە دەستپێکردنەوەی جەنگ کردەوە.

ترەمپ ئێستا هۆشیاریی خەریکە دادەخورێت بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات و پاڵی پێوەدەنرێت بۆ شەڕێک کە حساباتەکانی بە وردی بۆ کراوە، گرنگترین ڕەگەز لەو هاوکێشەی جەنگەدا ئەوەیە، کە ترەمپ بەردەوام بە تووڕەیی بهێڵرێتەوە. ئەمە تەڵەیەکی کۆنی چینییە و لەگەڵ گەمژەکانی، وەک ترەمپ دەگونجێت، کە حەکیمی چین "سون تزو" (Sun Tzu) دایناوە: "ئەوەی بەتووڕەییەوە بەرەو جەنگ هەڵدەکوتێت، بەمەرجەکانی نەیارەکەی شەڕ دەکات."

بەو شێوەیە لە کاتێکدا ترەمپ هەوڵیدەدا ئیرادەی خۆی بە هێز و گەمارۆ بسەپێنێت، ئێران بە هاوکاری ڕوسیا و چین خەریکی دووبارە داڕشتنەوەی گۆڕەپانی جەنگەکە بوو،

تاوەکو بێ کاریگەریی بکات. لە پەخشی ڕاستەوخۆی بەرنامەی "٦٠ خولەک"دا، ترەمپ هاواری دەکرد "من دەستدرێژیکار نییم بۆ سەر منداڵان.. ئێوە شەرمەزارن". ترەمپ بەمشێوەیە تەقییەوە کاتێک پێشکەشکارەکە بەشێکی لە بەیاننامەی هێرشبەرەکەی خوێندەوە، کە هەوڵی تیرۆرکردنی دابوو، بەڵام خاڵە مەترسیدارەکە لێرەدا ئەوەیە: پێشکەشکارەکە هەرگیز نەیگوت کە ئەوە ترەمپە دەستدرێژی کردووەتەسەر منداڵان، ئەی بۆچیی ترەمپ وایزانی باسی ئەو دەکرێت؟

ترەمپ مێشکی بە تەواوی لەدەستداوە و بەهۆی یاریپێکردنی ئێرانەوە کەوتووەتە دۆخی تووڕەیی بەردەوام. ترەمپ وایدەزانی تاران بە برسیێتی گەمارۆ دەدات، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە، کە تاران بە شتێکی مەترسیدارتر گەمارۆی داوە: تێکچوونی دەروونی. ترەمپ لە سەرۆکێکەوە کە ئیمپراتۆریەتێک بەڕێوەدەبات، گۆڕاوە بۆ تۆمەتبارێک، کە لەبەردەم ملیۆنان بینەر بەرگری لە خۆی دەکات، و لە ناو هاوارێکی نکۆڵیکردندا بەندکراوە، کە کەس داوای لێ نەکردبوو، بەڵام داخورانی قەڵا ناوخۆییەکانی خۆی ئاشکرا کرد.

- وەرگێڕان / یادگار عەلی