جام کوردی - ئەفسەری خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا و شرۆڤەکاری باڵای ستراتیژی دانیال دەیڤس، لە وەڵامی ئیدیعاکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە ئێران لە دۆخێکی "ڕووخاندایە"، ئەم قسانەی بە تەواو دوور لە ڕاستییەکانی سەر زەوی و "وەهم" وەسف کرد.
دەیڤس لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پۆستەکەی سەرۆکی ئەمریکای دووبارە بڵاوکردەوە، نووسیویەتی: "ئاه... ئێران سەرۆکی 'ئاگادار' کردۆتەوە کە لە دۆخێکی "ڕووخاندایە"؟ وادیارە کەسێک لەبیری کردووە ئێران خۆی لەم بابەتە ئاگادار بکاتەوە! چونکە تەنها 14 خولەک دوای پۆستەکەی سەرۆک ترامپ، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا ڕایگەیاند کە سوپای ئێران لە سەرتاسەری وڵاتدا جێگیرکراوە و ئێستاش... ئامادەیە بۆ شەڕی زیاتر."
ئەم شرۆڤەکارە ئەمریکییە، بە ئاماژەدان بە بێ بنەمای ئەو بانگەشەیەی کە توانای حوکمڕانی لە ئێران بەرەو داڕمان دەڕوات، زیادی کرد: پێدەچێت ئەمە پۆستێکی دیکە بێت لە فەزای ئەلیکترۆنیدا کە هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعە چاودێرکراوەکانەوە نییە. وڵاتان لە کاتی شەڕدا نەیارەکانیان لە داڕمانی خۆیان "ئاگادار ناکەنەوە. جگە لەوەش ئەگەر داڕمانێک ڕوویدابا، ئێران چیتر نەیدەتوانی کۆنترۆڵی گەرووی ئێران بکات". ئێستا هاتووچۆی هورمز و دەریایی بەبێ بەربەست دەڕوات، بەڵام ئەمە ڕووینەداوە و هیچ هەواڵێک لەبارەی داڕمانی حکومەتی ئێرانەوە نییە”.
دەیڤس چارەسەری ئەو چەقبەستووییەی ئێستای بە دیپلۆماسی ڕاستەقینە زانی. هەر لەو پێوەندییەدا ڕوونی کردەوە: "رێگەیەک هەیە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام ئەمە تەنیا کاتێک ڕوودەدات کە "هەردوو" گەمارۆی (دەریایی) هەڵبگیرێن، ئەمەش پێویستی بەوەیە واشنتۆن ئامادەبێت بچێتە ناو پەیوەندییەکی دیپلۆماسی "موزایەدە" لەگەڵ تاران؛ واتە هەردوولا دەبێت ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی بهێنن.
بە ڕەخنەگرتن لە ڕێبازی یەک ڕەهەندی ترەمپ، جەختی لەوە کردەوە: "پێویستە ئەمە ڕوون بکەمەوە: ئەمە پێویستی بەوەیە سەرۆک ترامپ شتێکی بەنرخ 'بدات' بە ئێران بۆ ئەوەی شتێکی بەنرخ لە ئێران 'بەدەستبهێنێت'. تا ئێستا تەنها ئامادەبووە 'داوای' تەسلیمبوونی ئێران بکات. تا زیاتر ئەم ڕەفتارە بەردەوام بێت، ئەگەری ئەوە زیاترە کە ئێران بە شێوەیەکی تاکلایەنە گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی ئەمریکادا نەکاتەوە."
دانیال ئێڵ دەیڤس عەقیدێکی خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکایە و هاوكارێکی باڵایە لە سەنتەری ئەولەویەتەکانی بەرگری لە واشنتۆن. ئەفسەرێکی دێرین لە شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان، دوای خانەنشینبوونی بووە ڕەخنەگرێکی دەنگی سیاسەتە دەستێوەردانگەرییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەیڤس بە شیکارییە واقیعی و ڕاشکاوەکانی لەسەر دەزگا میدیاییە بەناوبانگەکانی وەک فۆکس نیوز، سی ئێن ئێن و نیوزویک ناسراوە و بەردەوام جەختی لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە شەڕە ناپێویستەکان و گرنگیدان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییە ڕاستەقینەکانی ئەمریکا کردووەتەوە.
ڕەخنەکانی لە ڕێبازەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاوکردەوە و تیایدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە "ئێران ئاگاداری کردوومەتەوە کە بەرەو داڕمان دەڕوات" و بانگەشەی ئەوەی کرد: "تاران داوای لێکردووین بە زووترین کات گەرووی هورمز بکەینەوە".