جام کوردی - میدیایەکی دیاری عیبری زمان، دانی بە بێتوانایی سوپای ڕژێمی داگیرکەردا نا لە ڕووبەڕووبوونەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حزبوڵڵای لوبنان.

دوای ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی ئاگربەست لە لوبنان چەند ڕۆژ لەمەوبەر و لە کاتێکدا ڕژێمی داگیرکەر بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتنە بە بەردەوامی لە بۆردومانکردنی باشووری لوبنان، ئەوەی زایۆنیستەکانی زۆر نیگەران کردووە، درێژەدان و زیادبوونی قوربانییەکانیان لە دوای ئاگربەست لە ئەنجامی بەکارهێنانی حززبوڵڵای لوبنان لە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی نوێ و کەم تێچوو، بەڵام چەکی کوشندە.

هەر لەم پێوەندییەدا، میدیای زایۆنیستی ڕایگەیاند کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حزبوڵڵا بۆتە تەحەدای ئاڵۆز بۆ سوپای ئیسرائیل و هیچ ڕێگەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان لە ئارادا نییە.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی هائارێتز بە زمانی عیبری بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی بڵاویکردەوە: سوپای ئیسرائیل هیچ ڕێگەچارەیەکی نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حزبوڵڵا و تەرکیزکردن لەسەر وێرانکردنی خانووەکان مەترسی لەسەر سوپای ئیسرائیل زیاتر دەکات.

لای خۆیەوە رۆژنامەی ئیسرائیلیی''یەدیعوت ئاحارونوت' بڵاویکردەوە، پێکدادانەکانی باشووری لوبنان پێشهاتێکی شۆککەرە بۆ ئیسرائیل، لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان لەلایەن حزبوڵاوە، کە بوونەتە بەدیلێکی کاریگەر بۆ مووشەکی قورس.

ئەم میدیا زایۆنیە ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە بە زیادکردنی کامێرا و تەقەمەنی لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێنەوە، لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیا کاردەکەن کە بەستراوەتەوە بە کێبڵێکی فایبەر ئۆپتیکەوە کە درێژییەکەی نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر دەبێت، ئەمەش ڕێگە دەدات ڕاستەوخۆ لە ژووری کۆنترۆڵەوە ڕێنمایییان بکرێت، بەبێ ئەوەی لەلایەن سیستەمی جەنگی ئەلیکترۆنی ئیسرائیلەوە دەستنیشان بکرێن یان تێکبچن.