جام کوردی - جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: تا ئێستا کارتە نوێیەکانمان نەگۆڕیوە؛ گرنگی باب ئەلمەندێب لە هورمز کەمتر نییە و بەشی چەند ساڵ شەڕ مووشەک و درۆنمان هەیە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ئەمڕۆ چوارشەممە، لە زاری عەلائەدین بروجێردی، ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، مووشەک و درۆنی عەمبارکراو و یەدەگی ئێران بەشی چەندین ساڵی دیکەی جەنگ دەکەن. هۆشداری تووندیشی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا کە "وازی لێ ناهێنن."
بروجێردی بەرگری لە پڕۆسەی دانوستانەکان کرد و گووتی: "ئێران لەسەر فەرمانی ڕێبەریی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای وڵاتەکە هاتووەتە نێو پڕۆسەی دانوستانەکان، مێزی دانوستان شوێنی 'سازشکردن نییە. قالیباف ئەو دانوستانانە بە ئەزموونی بەنرخ بەڕێوە دەبات و هیوادارین بگەنە کۆتایییەکی باش.
ڕاشیگەیاند: ئێران دەستی باڵای لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە و هەموو شرۆڤەکارانی ئەمریکی و ئەوروپی و جیهانیش ئەمە دەزانن و ترامپیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئێوە ئەم شەڕەتان دۆڕاندووە و دۆخی ئەمریکا خراپتر مەکەن چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی پرێستیژەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: گەمارۆی دەریایی هەنگاوێکی پاسیڤ و بێ بەهایە؛ لە ئێستادا نزیکەی 120 کەشتی چاوەڕوانی تێپەڕاندنی ئەودیوی گەرووی هورمزن و بەگوێرەی هەواڵەکانیش، زۆرێک لە کەشتییە ئێرانییەکان تێدەپەڕن و هێزە تیرۆریستییەکانی ئەمەریکاش نەیانوێراوە ڕووبەڕوویان ببنەوە.
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی دانوستانەکەی وەک بەشێک لە مەیدان ڕاگەیاند و وتی: لە مەیدانی شەڕ و مەیدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و لە بواری دیپلۆماسیدا، پێویستە هێزی خۆمان زیاد بکەین و دڵنیاین کە لە کۆتایی شەڕەکەدا، بە دانوستانێکی عەقڵانی و پاراستنی مافی گەل، دەتوانین کۆتایی بەم کارە بهێنین.
بروجێردی گەمارۆی دەریایی ئەمریکای بە بێ ئەنجام و کەمی متمانەی نێودەوڵەتی وەسف کرد و وتی: هیچ وڵاتێکی ئەوروپی و ئەندامێکی ناتۆ لەم گەمارۆیەدا یاوەری ئەمریکا نەبوون و ئەمڕۆش دەستەکانی ترەمپ بەستراوەتەوە و توانای جوڵەی نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هیچ شێوەیەک. گەرووی هورمز دەستکەوتێکی جەنگی سەپێنراوی سێیەمە و ترەمپ دەزانێت هەرگیز کۆنترۆڵی ئەم گەروە لەدەست نادەین.