جام کوردی - بەپێی راپرسییەکی نوێ، ئاستی جەماوەریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەم خولەی سەرۆکایەتیدا دابەزیوە؛ ئەوەش بەهۆی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان لەو وڵاتە.

ئەنجامی راپرسییەکی هاوبەشی ئاژانسی (رۆیتەرز/ئیپسۆس)  رۆژی سێشەممە 28ی نیسانی 2026 بڵاوکرایەوە، تێیدا دەرکەوتووە کە تەنیا 34%ی ئەمریکییەکان لە کارەکانی ترەمپ رازین؛ ئەمەش بەراورد بە کاتی دەستبەکاربوونی لە مانگی کانوونی دووەمی 2025دا، ئاستی جەماوەریی زۆر دابەزیوە، کە ئەوکات 47% بوو.

هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیە بۆ جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەگەڕێتەوە، کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە.

ئەو جەنگە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە رێژەی زیاتر لە 40% و گەیشتووەتە نزیکەی 4.18 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک (1.16$ بۆ هەر لیترێک)، ئەوەش لە ئەنجامى داخرانى تەنگەى هورمز و پەککەوتنی یەک لەسەر پێنجی بازرگانیی نەوتی جیهان.

پێشتر محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاردانەوە بە هەڕەشەکەی ترەمپ بۆ گەمارۆدانی گەرووی هورمز، وێنەیەکی دوایین نرخی بەنزینی لە بەنزینخانەکانی دەوروبەری کۆشکی سپی بڵاوکردەوە و نووسی: لە نرخی ئێستای بەنزین چێژ وەربگرن. بەوەی ناوی لێنراوە "گەمارۆدان"، بەم زووانە خۆزگە بۆ بەنزینی ٤ تا ٥ دۆلاری دەخوازن.