جام کوردی - ژەنەراڵێکی خانەنشینکراوی ئەمریکی دوای ئەوەی لە هەواڵەکان دەرکەوتن کە سیناریۆی هێرشکردنە سەر ئێران پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ کراوە، ئەو سیاسەتەی بە هەڵە ناوبرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ پێناچێت لێدانی زیاتر تاران ناچار بکات دانوستان بکات.

مارک کیمیت بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند: پێناچێت هێرشی زیاتر بۆ سەر ئێران تاران ناچار بکات دانوستان بکات؛ ئەم جۆرە پلانانە زۆرجار سەرنج دەخەنە سەر ئۆپەراسیۆنە سنووردار و خێراکان کە وەک شۆکی کورت و تیژ وەسف دەکرێن. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی بەرخۆدانی ئێران لە بەرامبەر فشارە بەردەوامەکان، گومان لە سەرکەوتنی ئەم ڕێبازە هەیە.

کیمیت وتی: ئێران بۆ ماوەی 46 ساڵ خۆڕاگری خۆی نیشانداوە، بە باش یان بە خراپ، چ لە توانای بەرگەگرتنی سزاکان، دابەزینی ئابووری یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرچاو، پێموایە ئەگەر چاوەڕێی زنجیرەیەک لێدانی کورت بۆ سەر ئێران بکەین کە ناچاریان بکات بە مەرجەکانی ئێمە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان، پێموایە پێویستە دووبارە بیر لەوە بکەینەوە.

کیمیت هەروەها هۆشداریدا لەوەی داخستنی گەرووی هورمز بەبێ لێکەوتەی فراوانتر ناتوانێت بەردەوام بێت، چونکە پەککەوتنەکانی بازاڕە جیهانییەکان دەستیپێکردووە. ئەمەش بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی کەمی هەناردەکردنی کشتوکاڵی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە ناوەڕاستی وەرزی چاندن و کاریگەری ئابووری لە دەرەوەی ئێران و ئەمریکا.