جام کوردی- وردەکارییەکانی ڕێوڕەسمی پرسەی ڕێبەری شۆڕشگێڕی شەهیدی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ڕاگەیەندرا و بە پێی پلان، ڕێوڕەسمی پرسە و ناشتنی تەرمەکەی لە سێ شاری وڵات بەڕێوە دەچێت. هەروەها شوێنی ناشتنی شەهید ئایەتوڵڵا خامنەیی دیاری کراوە.
محەممەد ئەمین تەوەکولیزادە، جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی شارەوانی تاران، ڕۆژی سێشەممە لە ٥٢ەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی شارە گەورەکانی ئێران ڕایگەیاند: شوێنی ناشتنی ئیمامی شەهید بە پێی وەسیەت خۆیان و ڕاسپاردەی کەسوکارەکەی لە مەزارگەی پیرۆزی ئیمام ڕەزا (درودی خوای لەسەر بێت) دەبێت و لەوێ ئارام دەگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: مەشهەدیش کەشێکی تایبەتی خۆی هەیە و زۆرترین ئامادەبوونی وڵاتانی دراوسێی دەبێت. پێدەچێت ئازیزانی پاکستان، ئەفغانستان، هیندستان و بەنگلادیش و خەڵکی کشمیر لە مەشهەد پێشوازییان لێبکرێت.
جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی شارەوانی تاران لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پرسەی ڕێبەری شەهید، پرسەیەکی جیاواز دەبێت. ئێمە ماتەمینی گەورەترین ڕێبەری دژە ئیستکباری جیهان و گەورەترین فەرماندەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەسەڵاتدارێکی گەورە و ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی دەگێڕین.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە شاهیدی گەورەترین کۆبوونەوەی شیعەکان دەبین و تەنانەت لەوەش زیاتریش موسڵمانان. لە ئێستادا داواکاری ئامادەبوون لەم مەراسیمە پرسە لە بزووتنەوەی جۆراوجۆرەوە بەردەوامە.
تەواکۆلیزادە جەختی لەوە کردەوە: بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری عێراق ڕایگەیاند کە لە ٤٠ ڕۆژی یەکەمی شەهیدبوونی ئیمامدا هیچ هاوسەرگیرییەکی شیعە لە عێراق تۆمار نەکراوە و پرسەی ڕەمزی بۆ ئیمام لە شارەکانی عێراق بەڕێوەچووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە پرسەی ئیمامدا ڕووبەڕووی کەشێک دەبینەوە کە پێشتر ئەزموونمان نەکردووە؛ ئێمە هەمان کەشوهەوا لە کشمیر، پاکستان، هیندستان، ئەفغانستان، یەمەن و زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی ئەزموون دەکەین.