جام کوردی - ڕۆژنامەی  یەدیعوت ئاحارۆنۆت-ی ئیسرائیلی بە گێڕانەوە لە دیپلۆماتێکی باڵای ئەورووپایی ڕایگەیاندووە کە شەڕی ئێران بووەتە شکستێکی ستراتیجی کارەساتبار کە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و ئەورووپا دروست دەکات.

کەناڵی جەزیرە نووسیویەتی: ئەو بەرپرسە ئەوروپییە زیادی کرد: بەدوور نازانرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەست بە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران بکاتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە تاکە شتێک کە لای ترەمپ گرنگە گەرووی هورمزە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ هاوشێوەی نیکسۆنە لە جەنگی ڤێتنامدا: “ئەو تەنها دەیەوێت لە ئێران دەربچێت و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت”.

ئەو دیپلۆماتکارە ئیدیعای کردووە کە ئیسرائیل زیانێکی زۆری بە زنجیرەی دابینکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران گەیاندووە، بەڵام تاران هێشتا کۆگایەکی گەورەی مووشەکی لە شارە مووشەکییەکانیدا هەیە کە توانیویەتی دەربهێنێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئێران بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە و ئاماژەی بەوەدا کە هیچ چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە لەو ڕێککەوتنەدا نییە کە خەریکە پێکدێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، ئەو دیپلۆماتکارە شکستی ئیسرائیلی لە لوبنان بەراورد کردووە بە شکستی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە دەکات و "پێی وایە ئەوەی لەگەڵ بۆردومانکردندا هیچ سوودێکی نییە، بە بۆردومانی چڕتر و داگیرکاری قووڵتر سوودی دەبێت".