جام کوردی ــــ بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان بە ئاماژەدان بە پشکی بەرزی ناوەندەکانی گەردوخۆڵی عێراق لە پیسبوونی هەوای پارێزگای کرماشاندا، وتی: "زۆربەی ڕۆژە ناتەندروستەکان لە کرماشان و شارە سنوورییەکاندا بەهۆی تۆزی وردی دەرەوەی سنوورەکانە و لە هەمان کاتدا 123 یەکەی پیشەسازی پیسکەریش لەو پارێزگایەدا دەستنیشان کراون".
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید دزفولینەژاد ڕایگەیاند: شاری کرماشان ساڵی ڕابردوو 54 ڕۆژی ناتەندروستی بەخۆیەوە بینی، ئەم ڕێژەیە لە قەسر شیرین گەیشتە 91 ڕۆژ و لە سەر پۆل زەهاب گەیشتە 45 ڕۆژ.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە سەرچاوەی بەشێکی بەرچاو لە پیسبوونی هەوا لە پارێزگاکەدا دەرەکییە و ئاماژەی بەوەشکرد: ناوەندەکانی گەردوخۆڵ لە عێراق پشکێکی زۆریان لە زیادبوونی ڕۆژانی پیسبوو لە پارێزگاکەدا بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکاندا هەبووە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردەیە پێویستی بە هاوکاریی سنووربەزێن و ناوچەیی هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان هەروەها ناسنامەی 123 یەکەی پیشەسازی پیسکەری لەو پارێزگایە ڕاگەیاند و وتی: چاودێریی بەردەوامی یەکە پیشەسازییەکان لە ئەجیندای کاریدایە و پیشەسازییەکان دەبێ پابەند بن بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی ژینگەپارێزی.
دزفولینەژاد بە ئاماژە بە دۆخی پاڵاوگەی نەوتی کرماشان ڕایگەیاند: ئەم کۆمەڵگەیە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێوشوێن و وەبەرهێنانی بەرچاوی لە بواری ژینگەدا گرتووەتە بەر و ئێستا لە ڕیزی پیشەسازییە سەوزەکانی وڵاتدایە.
ناوبراو هەروەها هەواڵی چالاکیی 9 وێستگەی چاودێریی کوالیتی هەوای لە پارێزگاکەدا ڕاگەیاند و زیادی کرد: چوار وێستگە لە شاری کرماشان و پێنج وێستگەی دیکە لە شارەکانی پاوە، قەسر شیرین، کەنگاوەر، ئیسلام ئاوای غەرب و سەرپۆل زەهاب هەڵکەوتوون و بەردەوام چاودێری دۆخی کوالیتی هەوا دەکەن.
گەردوخۆڵی عێراق، هۆکاری سەرەکی پیسبوونی هەوای کرماشان/ لەو پارێزگایەدا 123 یەکەی پیسکەر دەستنیشانکران
June 10, 2026