جام کوردی ــــ پارێزگاری کرماشان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دەستپێکردنی ژمارەدان بە ئۆتۆمبێلەکان لە ناوچەی ئازادی قەسر شیرینەوە تەنیا ڕێکارێکی ئیداری نییە، ئازادکردنی هاتووچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە سەرانسەری پارێزگاکە ڕاگەیاند و وتی: پرسی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان بە تابلۆی ناوچەی ئازادی قەسرشیرینەوە لە پارێزگاکانی دراوسێ تاوتوێ دەکرێت.
لە کردنەوەی فەرمی ناوەندی ژمارەدانانی ئۆتۆمبێلی ناوچەی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازی قەسرشیرین، پارێزگاری کرماشان جێبەجێ کردنی یەکێک لە سوودە هەرە گرنگەکانی ئەم ناوچەیەی بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە ڕاگەیاند.
مەنوچێهر حەبیبی لەو ڕێوڕەسمەدا ڕایگەیاند: ناوچەی ئازادی قەسرشیرین یەکێک لە داخوازی و خواستە لە مێژینەکانی خەڵکی کرماشان بووە و ئێستا کاتی سوودوەرگرتن لە توانای ئابوورییەکانی، گەیشتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت پرسی هاوردەکردن و ژمارەدان بە ئۆتۆمبێل تەنها لە ڕوانگەی کارگێڕییەوە سەیر بکرێت و زیادیشی کرد: ئەم پلانە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە زیادکردنی هێزی هەڵبژاردنی خەڵک و باشترکردنی ژینگەی بازرگانی و بەرزکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ.
پارێزگاری کرماشان هەروەها ڕایگەیاند: بە پشتبەستن بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی دابینکردنی پارێزگا و دەسەڵاتە شۆڕکراوەکان لەلایەن حکومەتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تابلۆی ناوچەی ئازادی قەسر شیرینیان لەسەرە، دەتوانن لە هەموو بەشەکانی پارێزگای کرماشاندا هاتووچۆ بکەن.
حەبیبی هەروەها هەواڵی بەدواداچوون بۆ فراوانکردنی ئەم ئیمتیازە لە دەرەوەی سنوورەکانی پارێزگاکەی ڕاگەیاند و وتی: هەماهەنگی سەرەتایی لەگەڵ پارێزگاکانی ئیلام، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کراوە، هەوڵیش دەدرێت بە واژۆ کردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی پێویست، ئەگەری گەشتکردن ئەو ئۆتۆمبێلانە لە پارێزگاکانی دراوسێ دابێن بکرێت.
ناوبراو به ئاماژه به بەڕنامەکانی گەشەپێدانی ڕۆژئاوای پارێزگاکه وتیشی: دامەزراندنی سنووری سومار بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی ئەربەعین، چالاککردنی بازاڕی سنووری چەنگۆڵە و پەرەپێدانی بازرگانی سنووری، له پلانەکانی دیکەن کە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
پارێزگاری کرماشان جەختیشی کردەوە: بەگشتی ئەم جێبەجێکارییانە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئابووری ناوچە سنوورییەکان و زیادکردنی هەلی کار و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی ڕۆژئاوای ئەو پارێزگایە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.