حسێن هەڵەبجەیی، شیکەرەوەی سیاسی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی (جام کوردی) ڕایگەیاند: "بەداخەوە زیاتر لە دوو ساڵە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت و چالاککردنەوەی پەرلەمان پەکخراوە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی دروستکردووە و وێنایەکی ناتەندروست و ناشرین لە حکومڕانیی هەرێم نیشان دەدات."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکاری سەرەکیی ئەم چەقبەستووییە، بۆ لاوازی و یەکڕیزنەبوونی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەگەڕێتەوە، کە نەیانتوانیوە وەک پێویست فشار لەسەر پارتی و یەکێتی دروست بکەن؛ هاوکات پاشەکشەی گڕووتینی شەقام و کەمبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانیش هۆکارێکی ترن کە وایکردووە هێزە دەسەڵاتدارەکان دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، حسێن هەڵەبجەیی هۆشداری دایە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) و وتی: "ئەگەر بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، هاوڵاتیان بڕوایان بە پەرلەمان، حکومەت و سندوقەکانی دەنگدان نامێنێت، و لە داهاتوودا تەنها حکومەتێکی سەپێنراوی تۆپزی دەمێنێتەوە کە تەنیا گوزارشت لە خواستی دوو حزب دەکات، نەک ئیرادەی گەل."