لە کۆبوونەوەیەکی باڵای دەوڵەتیدا، سەرکردایەتییەکانی عێراق بارودۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی وڵاتیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر گرنگیی هاوکاریی نێوان دامەزراوە دەستوورییەکان کردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە پەلەکردن لە پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان کرا، بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت پرۆگرامە خزمەتگوزارییەکانی بە شێوەیەکی باشتر جێبەجێ بکات. هەروەها پشتگیری لە هەوڵەکانی گەشەپێدان و باشترکردنی دۆخی ژیان و بژێویی خەڵک لە هەموو پارێزگاکان دووپات کرایەوە. بەشداربووان جەختیان لەسەر دەرکردنی یاسا پێویستەکان و هەموارکردنی یاسای وەبەرهێنان کردەوە و گرنگییان بە بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دا. لە هەمان کاتدا، پشتگیری لە هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی کرایەوە و جەخت لەوە کرایەوە کە چەک و بڕیاری سەربازی دەبێت تەنیا لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت. سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش، داوای وەستاندنی ئاڵۆزی و جەنگ کرا و دووپات کرایەوە کە عێراق ڕێگا نادات خاک و ئاسمانی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت، هەروەها جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆی ئارامیدا کرایەوە.