دوای دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی فایدە، ئەمڕۆش سایلۆی هەولێر بە ڕووی جووتیاران کرایەوە و چاوەڕێ دەکرێت ١٣ی حوزەیران  شەممە سایلۆکانی سلێمانی و دەوروبەریش دەست بە وەرگرتنی گەنم بکەن، بەمەش تەواوی سایلۆکانی هەرێم چالاک دەبن.بەپێی زانیارییەکان، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە یەک مانگ بەردەوام دەبێت، هەرچەندە تا ئێستا وادەی کۆتایی بۆی دیاری نەکراوە.وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ وەرزی دروێنەی 2026 بڕی سێ ملیۆن و 800 هەزار تۆنی بۆ وەرگرتنی گەنم لە ئاستی عێراق تەرخان کردووە، کە 400 هەزار تۆنی لەو بڕە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە.لەو بڕەی هەرێم، 292 هەزار تۆن لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت، لە کاتێکدا 108 هەزار تۆنی دیکەی دەرەوەی پلان بە نرخی 500 هەزار دینار کڕینەوەی بۆ دەکرێت.ئەم نرخانە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دابەزینێکی بەرچاویان تێدایە، چونکە نرخی هەر تۆنێک گەنم لە نێوان 800 هەزار تا 850 هەزار دیناردا بوو.بەپێی پلانی نوێ، جووتیارانی ناو پلانی فەرمی نرخی باشتر وەردەگرن، بەڵام جووتیارانی دەرەوەی پلان بە نرخی کەمتر گەنمەکانیان دەفرۆشن.لە هەمان کاتدا، بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی وەرگرتنی گەنم بەپێی ڕووبەری زەوی و شێوازی ئاودێری دیاری کراوە.چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی ئەمساڵدا بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن.بەهۆی جیاوازیی نێوان بڕی بەرهەمهاتوو و بڕی وەرگیراو، پلانی هەیە گەنمی زیاتر لە جووتیاران بکڕدرێتەوە و بۆ بازاڕ دابین بکرێت.ئەمساڵ گۆڕانکارییەکانی نرخ و سنووری وەرگرتن، یەکێکن لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی وەرزی دروێنەی گەنم لە عێراق و هەرێمی کوردستان.