جام کوردی - وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرۆسەی دانوستان، ڕایگەیاند کە ئێران لە ئێستادا "دەستی باڵای" لە هاوسەنگی هێزی ناوچەکەدا هەیە.

موشێ یەعلۆن، وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل ڕەخنەی لە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران گرت و ڕایگەیاند کە لە بارودۆخی ئێستادا هاوسەنگی لە بەرژەوەندی ئێراندایە و ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت لێکەوتەی ستراتیژی هەبێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحارۆنۆت، یەعلۆن ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە هەموو شتێک بە دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکە کە لە ڕێککەوتنی سەردەمی باراک ئۆباما سەرکەوتووتر دەربکەوێت.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئەنجامی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، دانی بەوەدانا کە ئێران لە پێگەیەکی باڵاتردایە و ئێران توانیویەتی بەرگەی فشارە بەربڵاوەکان بگرێت.

وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەگەر فشارە ئابوورییەکان و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان لەلایەن ئێرانەوە کەم بکرێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئێران لە بواری ئەتۆمیدا ڕێگایەکی جیاواز بگرێتەبەر، ئیدیعایەک کە بەرپرسانی ئێران هەمیشە ڕەتیان کردووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە لە سروشتێکی ئاشتیانەدایە و بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هیچ جێگایەکی لە عەقیدەی کۆماری ئیسلامیدا نییە.

یەعلۆن لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ترەمپ پاڵنەرێکی سیاسی بەهێزی هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئامانجیشی ئەوەیە کە ڕێککەوتنێک بخاتەڕوو کە لە ڕووی سیاسییەوە بە باشتر لە ڕێککەوتنەکەی ئیدارەی ئۆباما دادەنرێت، بەڵام هیچ نیشانەیەکی باڵادەستی لەو شێوەیە نییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هەروەها باسی لە دۆخی کەرتی ڕۆژئاوا کرد و ڕەخنەی لە ئەدای دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل گرت بەرامبەر بە دانیشتوانی توندڕەو و وتی: ئەوەی لەم ناوچەیەدا ڕوودەدات جێگەی نیگەرانییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانەکەی مەیدانیدا تووشی حاڵەتی توندوتیژی و تەقەکردن و شەهیدکردنی فەڵەستینییەکان بووە و هیچ وەڵامێکی کاریگەر بۆ ئەو ڕووداوانە نەدراوەتەوە.