جام کوردی ـــ پلانی گشتگیری ناوچەی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازی قەسرشیرین، بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی توێژینەوەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ناوچەکانی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازی و تایبەتی ئابووری وڵات، پێش ئەوەی لەلایەن حکومەتەوە پەسەند بکرێت، چووەتە قۆناغی کۆتایی؛ ڕووداوێک کە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنان و فراوانکردنی هاوکاری ئابووری لەگەڵ عێراق.

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی توێژینەوەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادەکانی وڵات، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی قەسرشیرین و ڕاوێژکاران و ئەو تیمەی کە پلانەکەیان داڕشتووە، پێداچوونەوە بە پلانەکە کرا و پاش خستنەڕوو و بەرگریکردن لە پلانە پێشبینی کراوەکان، ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە گشتی لەگەڵ ناوەڕۆکی کۆتایی ڕێککەوتن.

بەم پێیە مۆڵەتی ناردنی پلانی گشتگیری ناوچەی ئازادی قەسرشیرین بۆ کار گروپی تایبەتمەندی حکومەت دەرچووە و ئەم بەڵگەنامەیە ستراتیژییە ئێستا لە لێواری چوونە ناو پرۆسەی پەسەندکردنی کۆتایی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیراندایە.

ڕەزا قوبادیمێهر، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازی قەسرشیرین، ئاماژەی بە گرنگی ئەم قۆناغە کرد و ڕایگەیاند: پەسەندکردنی پلانی هەمەلایەنە، لەلایەن ئەنجومەنی توێژینەوەی سکرتاریەتی ناوچە ئازادەکان دوا هەنگاوی کارناسییه پێش ئەوەی پلانەکە بخرێتە بەردەم دەسەڵاتدارانی حکومەت و بە ناردنی بۆ کار گرووپی تایبەتمەندی حکومەت، زەمینە بۆ پەسەندکردنی کۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابین دەکرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: پلانی گشتگیر وەک بەڵگەنامەیەکی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی ناوچەی ئازادی قەسری شیرین، چوارچێوەی پلاندانانی داهاتوو لە بوارەکانی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی ژێرخان، بازرگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و خزمەتگوزارییەکان دیاری دەکات، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە کەڵک وەرگرتن لە توانا سنوورییەکانی ناوچەکە.

قسرشیرین بەهۆی سودمەندبوون لە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی خوسرەوی و پەرویزخان و دەستڕاگەیشتنی هاوکات بە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق، وەک یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بازرگانی دەرەکی وڵات دادەنرێت، هەروەها پەسەندکردنی کۆتایی پلانی هەمەلایەنە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ گەشەی زیاتری مامەڵەی بازرگانی و زیادکردنی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی پێگەی ئەم ناوچە لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقدا.