جام کوردی ـــ سەرۆکی زانکۆی پیشەسازی کرماشان پلانەکانی زانکۆی بۆ ڕاکێشانی خوێندکارانی عێراقی ڕاگەیاند و وتی: بە تەواوبوونی ژێرخانی پەروەردەیی و ئامادەبوون لە سیستەمی ڕیزبەندی نێودەوڵەتی تایمز، زەمینە بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی عێراقی لە ساڵی 2027ـەوە دابین دەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، "حامد ڕەشیدی"، سەرۆکی زانکۆی پیشەسازی کرماشان، بە ئاماژەدان بە هەڵکەوتەی جوگرافیای ئەو پارێزگایە و نزیکیی لە عێراق، ڕایگەیاند: زانکۆی پیشەسازی کرماشان ڕاکێشانی خوێندکارانی نێودەوڵەتی خستۆتە ئەجیندای خۆیەوە و تەرکیزی سەرەکی لەسەر بازاڕی پەروەردەیی عێراق، بەتایبەت هەرێمی کوردستانی عێراقە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، لەم ساڵانەی دواییدا پەرەپێدانی لقی خوێندنی تەواو، لە بەرنامەی کاردا بووە و سەرجەم لقە تەکنیکیەکان لەسەر ئاستی ماستەر کارا کراون. هەروەها دوو خولی دکتۆراش دەستیپێکردووە تا مەرجی پێویست بۆ وەرگرتنی خوێندکاری بیانی دابین بکرێت.
سەرۆکی زانکۆی پیشەسازی کرماشان یەکێک لە پێشمەرجەکانی ڕاکێشانی خوێندکارانی عێراقی پەسەندکردنی زانکۆی، لە لایەن وەزارەتی زانستی عێراقەوە زانی و وتی: بۆ ئەم مەبەستە ئەم زانکۆیە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پرۆسەی ئامادەبوون لە سیستەمی ڕیزبەندی نێودەوڵەتی تایمزی دەستپێکردووە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2027ـەوە بتوانرێت خوێندکارانی عێراقی ڕابکێشێت.
ڕەشیدی بە ئاماژەدان بە توانا زانستییەکانی زانکۆی پیشەسازی کرماشان ڕایگەیاند: ئەم زانکۆیە به 92 ئەندامی شاندی زانستی، لە ڕووی کوالیتی وتارە زانستییەکانەوە لە ڕیزی زانکۆ سەرەکییەکانی وڵاتدایە و تێکڕای بەرهەمهێنانی وتار لەلایەن ئەندامانی شاندی زانستییەوە، لە تێکڕای وڵات زیاترە.
بەرپرسی زانکۆی پیشەسازی کرماشان هەروەها لە پێشکەوتنی پڕۆژەی حەوانگەی خوێندکارانی زانکۆ هەواڵی دا و وتی: سێ بلۆکی حەوانگەیی بە توانای کۆی 360 کەس دروستدەکرێن، کە تا مانگی بەفرانباری 1405، دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە ئەگەر پارەی ژێرخانی دابین بکرێت.
حامد ڕەشیدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دەستپێکردنی بوارە نوێیەکان بەگوێرەی پێداویستییەکانی بازاڕ، لەوانە ئەندازیاری پزیشکی، ئەندازیاری پۆلیمر، ئەندازیاری سەلامەتی و پشکنین، و ئەندازیاری وزەی ڕاگەیاند و زیادی کرد: پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ پیشەسازییە بچووکەکانی ئەو پارێزگایە لە ئەجیندای کاریدایە.
ڕاکێشانی خوێندکارانی عێراقی دەتوانێت لاپەڕەیەکی نوێ لە دیپلۆماسی زانستی کرماشان بکاتەوە. دراوسێیەتی لەگەڵ عێراق، لێکچوونی کولتوورەکان و دەستڕاگەیشتن لەبار بە سنوورەکانی پارێزگاکە توانای ئەوەی بۆ کرماشان دروستکردووە کە ببێتە ناوەندێکی خوێندنی باڵا بۆ خوێندکارانی عێراقی جگە لەوەی دەروازەیەک بێت بۆ بازرگانی و زیارەت؛ توانایەک کە ئەگەر ژێرخانی زانکۆ و خزمەتگوزاری خوێندکاران بەهێز بکرێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و کولتووری و ئابوورییەکان لە هەردوو دیوی سنوورەکەدا.