جام کوردی ـــ ئەندامی شاندی نوێنەرانی ژووری بازرگانی تاران دامەزراندنی سکرتێریەتی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی ژووری تاران و عێراقی بە ئامانجی ڕێکخستن و بەدواداچوون و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ڕاگەیاند.
"یەحیا ئالئیسحاق"، لە چلویەکەمین کۆبوونەوەی شاندی نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی تاران، ئاماژەی بە بەشداری بەرچاوی ئەندامانی ژوورەکە کرد لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقدا و ڕایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی مامەڵە بازرگانییە بەرفراوانەکانی نێوان دوو وڵات، پێویست بوو پێکهاتەیەکی تایبەتمەند بۆ ڕێکخستن و بەدواداچوون و پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە دابمەزرێندرێت.
ناوبراو زیادی کرد: سکرتێریەتی پەرەپێدانی هاوکاری نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی تاران و عێراق بە ئامانجی هەماهەنگی و ئاسانکاری بۆ کاروباری بازرگانی، ئەنجامدانی کۆبوونەوە و بۆنە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی چالاکانی ئابووری لە ئێران و عێراقدا دامەزراوە.
ئالئیسحاق هیوای خواست کە دامەزراندنی ئەم سکرتێریەتییە بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و لابردنی بەربەستە بازرگانییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کەرتە تایبەتەکانی ئێران و عێراق.