​پەیامنێری «جام کوردی» لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆیەکی تایبەتی ئەنجامدا لەگەڵ د. یاسین تەها، پسپۆڕ و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە بیروباوەڕە ئایینییەکانی کوردستان و ناوچەکە، بۆ تیشکخستنە سەر ڕەهەندە شاراوەکانی ڕاگەیاندنی لەدایکبوونی «گوێرەکەیەکی سووری تەواو» لە ناوچەی جەلیلی فەلەستین.

​د. یاسین تەها لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە "دامەزراوەی هەیکەل"ی جوو بە فەرمی دۆزینەوەی مانگایەکی سووری تەواوی ڕاگەیاندووە کە تەواوی مەرجە ئایینییە کۆنەکانی تێدایە. ئەم مانگایە بۆ ڕێوڕەسمی «پاکبوونەوە لە گڵاوێتیی مردوو» بەکاردێت کە بەپێی دەقەکانی تەورات، بەبێ خۆڵەمێشی ئەو، جێبەجێ ناکرێت.

​د. یاسین تەها ڕوونیکردەوە:

«ئەم ڕێوڕەسمە تەنها پرسێکی پەرستشی سادە نییە، بەڵکو لای کۆمەڵە توندڕەوەکانی جوو، وەک هەنگاوی سەرەکی و بنەڕەتی دەبینرێت بۆ ڕووخاندنی مزگەوتی ئەقسا و دروستکردنی "هەیکەلی سێیەم" لەسەر شوێنەوارەکەی؛ ئەمەش سێیەم بنیاتنانیەتی لە مێژووی ئایینی جوودا لە پاش سەردەمی پێغەمبەر سلێمانەوە.»

​بۆچی ئەم دۆزینەوەیە لەم کاتەدا گرنگە؟

​سەبارەت بە گرنگی و جیاوازی ئەم پێشهاتە لە ئێستادا، د. یاسین تەها سێ خاڵی سەرەکی بۆ پەیامنێری جام کوردی خستە ڕوو:

​هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٢٢دا پێنج مانگای سوور لە تێکساسەوە هاوردە کران، بەڵام ئەمەیان لای حاخامەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە لەناو «خاکی ئیسرائیل» خۆیدا لەدایکبووە و ئەو ڕەخنانە دەڕەوێنێتەوە کە پێیان وابوو مانگای هاوردەکراو بۆ پاکبوونەوە نابێت.

​دامەزراوەی هەیکەل لەدایکبوونی ئەم مانگایەی لە سێبەری جەنگی ئێستای باکووردا (باشووری لوبنان) وەک «ئاماژەیەکی ئیلاهی» بۆ نزیکبوونەوەی سەرکەوتن و ڕزگاری وەسف کردووە.

​بەپێی بۆچوونی حاخامەکان، بەبێ پاکبوونەوە بە خۆڵەمێشی ئەم مانگایە، هاتنە ناو «چیای هەیکەل» (کە گۆڕەپانی مزگەوتی ئەقسایە) بۆ جووەکان حەرامە. بۆیە دۆزینەوەی ئەم مانگایە دەبێتە دەرفەتێک بۆ هاندانی هەزاران توندڕەو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی «چوونەسەر مزگەوتەکە» و هەوڵی بونیاتنانی هەیكەلەکە.

​ئەم پسپۆڕەی بیروباوەڕە ئایینییەکان سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە مەرجەکانی دەستخستنی ئەم مانگایە (تەواو سوور، بێ پەڵە، بێ کەمکوڕی، جووتی نەکردبێت و شیری نەدابێت) ئەوەندە توندن، کە لە مێژووی دوو هەزار ساڵەی جوودا تەنها ٩ جار ڕێوڕەسمی لەم شێوەیە ئەنجامدراوە. دامەزراوەی هەیکەل کە لە ساڵی ١٩٨٦ـەوە بەدوای ئەم ئامانجەدا دەگەڕێت، ئێستا ئەم گوێرەکەیە بە «مانگای نیشتمانی» ناو دەبات.

​د. یاسین تەها لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا هۆشداریدا لە دەرئەنجامەکانی ئەم بابەتە و وتی:

​«بەكارهێنانی ئەم مانگایە بۆ بانگەشەی ڕووخاندنی مزگەوتی ئەقسا و گەیشتن بە "مەسیحی ڕزگارکەر"، ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە بەردەم گەڕێکی تری گرژیی زۆر ترسناک. ئەمە بابەتێک نییە کە فەلەستینییەکان، ئێران، یان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بتوانن لە ئاستیدا بێدەنگ بن.»

​هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە پڕۆژە توندڕەوییانە، جارێكی دیكە دەبنە پاڵپشت و بەهێزکەری گوتارەکانی حەماس و حیزبوڵڵا، چونکە ئەوان بەشێک لە شەرعیەتی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەوە وەردەگرن کە ڕووبەڕووی پیرۆزییە ئیسلامییەكانی فەلەستین دەبنەوە.