جام کوردی ـــ بەستنەوەی تۆڕە بانکییەکانی ئێران و ڕووسیا و بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەگەری پارەدان بە کارتی بانکی ئێرانی لەم وڵاتە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا جارێکی دیکە ئەو پرسیارەی لە بەردەم چالاکانی ئابووری ورووژاندووە کە بۆچی هێشتا ژێرخانێکی لەو شێوەیە لە نێوان ئێران و عێراقدا وەک یەکێک لە هاوبەشە بازرگانییە گرنگەکانی ئەو وڵاتە دابین نەکراوە؟

بەستنەوەی تۆڕەی بانکی ئێران و ڕووسیا و ئەگەری کڕینی ڕاستەوخۆ بە کارتی بانکی ئێرانی لە فرۆشگاکانی ئەم وڵاتەدا بە هەنگاوێکی گرنگ لە ئاسانکاری بازرگانی، گەشتیاری و مامەڵەی دارایی دادەنرێت.

بەپێی وتەی سەرۆکی گشتی بانکی ناوەندی، ئەم پلانە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا لەگەڵ تەواوبوونی بەستنەوەی تۆڕەکانی "شتاب" و "میر" جێبەجێ دەکرێت.

بەڵام ئەمە پرسیارێکی گرنگ بۆ پارێزگا سنوورییەکان و بەتایبەتی کرماشان دەوروژێنێت؛ بۆچی هێشتا ئەم مۆدێلە بۆ عێراق جێبەجێ نەکراوە؟!

کرماشان دەروازەی بازرگانی ئێرانە لەگەڵ عێراقە. بەشێکی بەرچاو لە هەناردەکردنی نانەوتی ئێران بۆ عێراق لە سنوورەکانی ئەم پارێزگایەوە ئەنجام دەدرێت و ڕۆژانە هەزاران کاسبکار و شۆفێر و زیارەتکار و گەشتیار لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هاتوچۆ دەکەن.

بەڵام هێشتا زۆرێک لە مامەڵە داراییەکان بە شێوازی تەقلیدی یان لەشێوەی کاش ئەنجام دەدرێن، یان لە ڕێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕەوە؛ پرۆسەیەک کە جگە لە تێچوو و کات، مەترسییە تایبەتەکانی خۆیشی هەیە.

بەستنەوەی تۆڕەکانی پارەدانی ئێران و عێراق دەتوانێت بەشێک لەو کێشانە چارەسەر بکات.

ئەگەر بازرگانێکی ئێرانی، زیارەتکارێک یان تەنانەت گەشتیارێکیش بتوانێت بە هەمان کارتی بانکی لە فرۆشگا و هۆتێل و ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی عێراقدا پارە بدات، ئەوا بەشێک لە بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی و گەشتکردن لادەبرێن.

بێگومان لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەتی لە سەردەمی ئەربەعیندا خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و هەندێک خزمەتگوزاریی بانکی و ئیمکاناتی پارەدان بۆ زیارەتکاران پێشکەش کراوە، بەڵام ئەو خزمەتگوزارییانە هێشتا سنووردار و پارچەپارچەن و جێگەی پەیوەندی ڕاستەقینەی تۆڕەکانی پارەدانی ئەو دوو وڵاتە ناگرنەوە.

ئەگەر بکرێ کارتی بانکی ئێرانی ڕاستەوخۆ لە عێراق بەکاربهێنرێت، چیتر زیارەتکاران، بازرگانان و گەشتیاران پێویستیان بە هەڵگرتنی بڕێکی زۆر پارەی نەختینە یان کەڵکوەرگرتن لە شێوازی پڕتێچوو و کات بەفیڕۆدەر نابێت؛ کردارێک کە دەتوانێت ئاسایش و ئاسانکاری و خێرایی مامەڵە داراییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

ئەمەش گرنگییەکی بەرچاوی هەیە بۆ بازرگانانی بچووک، کۆمپانیاکانی هەناردەکردن و تەنانەت بازرگانییەکانی سەر سنوور.

بێگومان گەیشتن بە ئامانجێکی لەو شێوەیە تەنیا جێبەجێکاری بانکی نییە؛ پێویستی بە هەماهەنگی یاسایی و تەکنیکی و دراو و نێودەوڵەتی هەیە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

بەڵام ئەزموونی بەستنەوەی تۆڕە بانکییەکانی ئێران و ڕووسیا نیشان دەدات کە ئەگەر ئیرادەی پێویست هەبێت، جێبەجێکردنی ئەو جۆرە پڕۆژانە دوور نییە.

ڕەنگە ئێستا کاتی ئەوە بێت کە هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی ژێرخانە سنوورییەکان، ناوچەی ئازادی قەسر شیرین و زیادبوونی هەناردەکردن، بەستنەوەی تۆڕی پارەدانی ئێران و عێراقیش ببێتە یەکێک لە داواکارییە جددییەکانی چالاکانی ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی باڵای پارێزگاکە.

بۆ پارێزگایەکی وەک کرماشان کە دڵی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراقی تێدا لێدەدات، ئاسانکاری مامەڵەی دارایی دەتوانێت بەقەد پەرەپێدانی ڕێگاوبان و تێرمیناڵی سنووری گرنگ بێت.

تایبەت بە جام کوردی