بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سنوورەکانی هەورامان لە پارێزگای کرماشان لەو توانایانەن کە کەمتر لە توانای ڕاستەقینەی خۆیان بەکار هێنراون.

بازاڕە سنوورییەکانی شۆشمی و شێخ سڵە بەهۆی نزیکی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و دەستڕاگەیشتنیان بە شارە گرنگەکان وەک سلێمانی و هەڵەبجە، پێگەیەکی جوگرافی ناوازەیان هەیە.

بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە دەروازە سنوورییەکانی وڵات، ئەم ناوچەیانە لە سەقامگیرییەکی ئەمنی زیاتر بەهرەمەندن و پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەردوو دیوی سنوورەکە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە.

هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران بووە. بەشێکی بەرچاو لە کاڵا ئێرانییەکان لە ڕێگەی سنوورەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەوە هەناردەی ئەم ناوچەیە دەکرێن، بەڵام توانای هاوردەکردن، لەم ڕێگایەوە کەمتر گرنگی پێدراوە.

لە کاتێکدا زۆرێک لە کاڵا سەرەتاییەکان، کەرەستەی خاو بۆ پیشەسازییەکان، کەرەستەی کشتوکاڵ و هەندێک کەرەستەی پێویستی وڵات دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەم سنوورانەوە و بە تێچووی گواستنەوەی کەمتر هاوردە بکرێت.

خاڵی گرنگ ئەوەیە کە پەرەپێدانی هاوردە لە سنوورەکانی هەورامانەوە تەنیا پرسێکی بازرگانی نییە؛ بەڵکوو دەتوانێت کاریگەری بەرفراوانی لەسەر ئابووری ڕۆژئاوای وڵات هەبێت.

زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕە سنوورییەکان بە واتای گەشەی گواستنەوە و پەرەپێدانی خزمەتگوزاری لۆجستی و دروستکردنی کۆگا و دامەزراندن لە بوارەکانی گومرگ، ترانزێت و بازرگانی و خزمەتگوزاری پشتیوانییە.

ئەم سووڕە ئابوورییە داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان زیاد دەکات و ڕێگری لە کۆچی هێزی کار دەکات.

لە لایەکی دیکەوە پێشهاتەکانی ناوچەکە نیشان دەدەن کە هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی دابینکردنی کاڵا بۆ ئێران بووەتە پێویستییەک.

تا خاڵە فەرمییەکانی هاوردەکردن زیاتر بن، وڵاتەکە زیاتر خۆڕاگر دەبێت بەرامبەر بە سزاکان و قەیرانە سیاسییەکان و پەککەوتنەکانی ڕێڕەوی بازرگانی.

سنوورەکانی ناوچەی هەورامان دەتوانن بەشێک بن لەم ستراتیژە نیشتمانییە، بە مەرجێک ژێرخانی گومرگی، گواستنەوە، کۆگا، تێرمیناڵە سنوورییەکان و خزمەتگوزارییە لۆجستیکییەکان هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕۆڵەدا پەرەی پێبدرێت.

بێگومان گەیشتن بەم ئامانجە تەنها بە دەرکردنی مۆڵەتی هاوردەکردن مومکین نییە. باشترکردنی ڕێگاکانی گواستنەوە، تەواوکردنی پڕۆژەی چوار هێڵی، پەرەپێدانی تێرمیناڵە سنوورییەکان، جێگیرکردنی تەواوەتی دەزگا جێبەجێکارەکان، ئاسانکاریکردنی ڕێکارەکانی گومرگ، بەهێزکردنی ژێرخانی پەیوەندییەکان، تەنانەت دەستپێکردنی هاتوچۆی گەشتیارەکان لەسەر سنوورەکان کۆمەڵێک ڕێوشوێنن کە دەبێت لە یەک کاتدا بەدواداچوونی بۆ بکرێت تا ئەم توانایە چالاک بکرێتەوە

هەروەها ئەزموونی وڵاتانی جۆراوجۆر نیشان دەدات کە ناوچە سنوورییەکان کاتێک دەبنە بزوێنەری گەشەسەندن کە بازرگانی و وەبەرهێنان و گەشتیاری و گواستنەوە پێکەوە گەشە بکەن. هەورامانیش لەم یاسایە بێبەری نییە.

ئەم ناوچەیە جگە لە توانا سنوورییەکان، شوێنی سەرنجڕاکێشی سروشتی و گەشتیاری و سەرچاوەیەکی مرۆیی بەتوانای هەیە، هەروەها پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی بەنرخی هەیە کە دەتوانێت ببێتە جەمسەری ئابووری لە ڕۆژئاوای وڵاتدا.

ئێستا کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئاستێکی باشدایە و بەرپرسانی هەردوولا جەخت لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییە سنوورییەکان دەکەنەوە، ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە لە دەرەوەی بازاڕێکی ناوخۆییەوە سەیری سنوورەکانی هەورامان بکرێت.

ئەم سنوورانە دەتوانن ببنە یەکێک لە ڕێگا ستراتیژییەکانی دابینکردنی کاڵا بۆ ڕۆژئاوای وڵات و تەنانەت ئێرانیش؛ توانایەک کە چالاککردنی هەم یارمەتی ئاسایشی ئابووری وڵات دەدات و هەمیش گەشەسەندنی بەردەوام بۆ خەڵکی هەورامان و پارێزگای کرماشان دەهێنێت.

تایبەت بە جامی کوردی