جام کوردی ـ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە مۆڵەتێک دەرچووە، کە لەسەر بنەمای ئەو مۆڵەتە ئێران دەتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیایی و بەرهەمە نەوتییەکانی تا ٢١ی ئابی ٢٠٢٦ (٣٠ی ئاب) بفرۆشێت. بەم شێوەیە نەوتی ئێران بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠١٨ەوە بە فەرمی دەگەڕێتەوە بازاڕەکانی جیهان.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە مۆڵەتێک دەرچووە، لەسەر بنەمای ئەو مۆڵەتە سنووردارکردنی هەناردەکردنی نەوتی خاو، بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە و ئەگەری فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە تا ٢١ی ئابی ٢٠٢٦ دابینکراوە، بەم شێوەیەش نەوتی ئێران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بە فەرمی دەگەڕێتەوە بازاڕەکانی جیهان.
ئەم ڕێوشوێنە کە لە چوارچێوەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن و پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان دوو وڵات هەڵدەسەنگێندرێت، بە یەکێک لە گرنگترین بڕیارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا دادەنرێت و دەشێت لێکەوتەی گرنگی بۆ بازاڕی وزەی جیهانی و ئابووری ئێران هەبێت.
مۆڵەتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، مۆڵەتە نوێیەکە نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و جۆرە جیاوازەکانی بەرهەمی نەوتی لەخۆ دەگرێت.
لە ڕاگەیەندراوی بڵاوکراوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کۆمپانیا و لایەنە بازرگانییەکان دەتوانن لە چوارچێوەی پێوەرە دامەزراوەکاندا ئەو بەرهەمانە بکڕن و بیفرۆشن و ئەم مۆڵەتە تا ٢١ی ئابی ٢٠٢٦ کارا دەبێت.
ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی کاریگەر بەشێکی بەرچاو لەو سنووردارکردنانە لادەبات کە بەسەر هەناردەکردنی وزەی ئێراندا سەپێنراوە و ڕێگە بە گەڕانەوەی بەرفراوانتری نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەدات.
مۆڵەتی هاوردەکردنی نەوتی ئێران بۆ ئەمریکا
یەکێک لە بەشە گرنگەکانی ئەم بەیاننامەیە ڕاگەیاندنی مۆڵەتی هاوردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێرانە بۆ ئەمریکا.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی واشنتۆن، لە چوارچێوەی ئەو مۆڵەتە دەرچووە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران هاوردە بکەن.
ئەم پرسە گرنگە چونکە لەم ساڵانەی دواییدا هاوردەکردنی نەوتی ئێران بۆ ئەمریکا بە کردەوە لە ئەنجامی سزا و سنووردارکردنی بەرفراوان وەستابوو و ئێستا بۆ یەکەمجار زەمینە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕانە ئامادە دەکرێت.