بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کرماشان بە پێچەوانەی ئەوەی زۆر کەس بیری لێدەکەنەوە، توانای ئاوی ناوازەی هەیە.
بەنداوەکانی وەک داریان، گاوشان، ئازادی، زامکان و دەیان بەنداوی دیکە، لەگەڵ سروشتی شاخاوی و دیمەنە دەستلێنەکەوتووەکان، دەتوانن ئەم پارێزگایە بکەنە یەکێک لە ناوەندەکانی گەشتیاری ئاوی لە ڕۆژئاوای وڵاتدا.
پۆتانسێلێک کە ساڵانێکە بە شێوەیەکی کردەیی بەکارنەهێنراوە بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی نێوان دەزگا بەرپرسیارەکان.
لە لایەکی دیکەوە هەڵکەوتەی سنووری کرماشان سوودێکی گەورەیە. ئەم پارێزگایە ساڵانە میوانداری ملیۆنان موسافر و گەشتیاری عێراقی دەکات.
بەشێکی بەرچاو لەو گەشتانە بۆ بازاڕکردن یان مەبەستی پزیشکی ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئەگەر ژێرخانی گەشتیاری هەمەچەشن بەتایبەت گەشتیاری ئاوی لە پارێزگاکەدا پەرەی پێبدرێت، دەکرێت ماوەی مانەوەی ئەو گەشتیارانە زیاد بێت؛ کە بە مانای بووژانەوەی هۆتێل و چێشتخانە و بازاڕ و گواستنەوە و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ دەبێت.
ئەزمونی سەرکەوتووی کۆمەڵەی گەشتیاری بەنداوی داریان لە گوندی هەجیج دەرخەری ئەوەیە کە پێشوازییەک بۆ کات بەسەربردن لە ئاودا هەیە و خەڵک ئامادەن بۆ ئەو جۆرە ئەزموونانە گەشت بکەن.
بۆیە جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوشێوە لە بەنداوەکانی دیکەی پارێزگاکەدا دەتوانێت زنجیرەیەک شوێنی گەشتیاری نوێ پێکبهێنێت؛ بە مەرجێک ئەم پڕۆژانە تەنها لە دروستکردنی چەند بەلەمێکدا سنووردار نەبن و شوێنی نیشتەجێبوون، کات بەسەربردن، وەرزشی و خزمەتگوزاری کولتووری لەگەڵدا بێت.
لەهەر حەڵدا بەدیهێنانی ئەم مەبەستە پێویستی بە چەند پێشمەرجێکی بنەڕەتی هەیە؛ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران، ئاسانکاری بۆ پێدانی مۆڵەت، پاراستنی ڕەچاوی ژینگەیی، دەستەبەرکردنی ئاسایشی وەبەرهێنان، باشترکردنی ڕێگاکانی گەیشتن و ڕیکلامکردنی ئامانجدار لە بازاڕەکانی ناوخۆ، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
ئەگەر ئەم بەستەرانە پێکەوە دانەنرێن، ئەوا پۆتانسێلی گەشتیاری ئاوی وەک زۆرێک لە دەرفەتەکانی تر، بەس لە پارچە هەواڵێکدا دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ کرماشان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەو پڕۆژانە هەیە کە بتوانێ ئابووریی گەشتیاریی ئەو پارێزگایە لە دۆخی وەرزی و ناوبەناو دەربهێنن.
گەشتیاری ئاو دەتوانێت یەکێک بێت لەو هاندەرانە؛ توانایەک کە هەم یاریدەرە بۆ فرەچەشنی گەشتیاری پارێزگاکە و هەم بە لەبەرچاوگرتنی سنوورەکان لەگەڵ عێراقدا، دەتوانێت کرماشان بکاتە شوێنێکی سەرنجڕاکێشتر بۆ گەشتیارانی بیانی.
ئێستا دەبێت بزانین ئایا بەڵێنی دەستپێکردنی پڕۆژەکان سەرەتای گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە یان تەنها لاپەڕەیەکی تری دەرفەتەکانە کە ساڵانێکە لەناو ئاڵۆزی برۆکراسیدا ماونەتەوە!
تایبەت بە جامی کوردی