جام کوردی - لە دیدارێکدا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەسەر پێداگری تاران لەسەر پێکهاتەکانی دەسەڵاتەکەی لە دانوستانەکانی داهاتوودا کردەوە و زیادی کرد: دانوستان لەسەر مووشەکی بالیستیک نەبووە و نابێت. ئێمە متمانەمان بە ئەمریکا نیە، چونکە دوو جار هێرش کرایە سەرمان لەکاتێکدا لەسەر ڕێگای دانوستان بووین. بەڵام ئێمە هەمیشە بۆ گفتوگۆ و ئاشتی ئامادە بووین و ئامادەین.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەسعوود پزیشکیان کە بە سەرۆکایەتی شاندێکی پلە باڵا سەفەری پاکستانی کردووە، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە کۆبووەوە و سەبارەت بە گرینگترین پرسە دووقۆڵییەکان، پێشهاتە ناوچەییەکان، هاوکارییە ئابوورییەکان و هاوکێشە و گۆڕانکارییەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی تاوتوێ و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

لەم دیدارەدا، پزیشکیان پێزانینی خۆی بۆ میوانداری گەرم و دڵسۆزانەی حکومەت و گەلی پاکستان دەربڕی و ڕایگەیاند: لە دڵەوە سوپاسی میوانداری گەرم و دڵسۆزانەتان دەکەم. لێرەدا هەست دەکەم من و تۆ بەدوای یەک ئامانج و ڕێگادا دەگەڕێین.

سەرۆک کۆمارئی ئێران بە ئاماژەدان بە شەڕی ئەم دواییە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بەسەر نەتەوەی ئێراندا سەپاند، وتی: ئەوان نەیانتوانی بە پشتبەستن بە هیچ ڕێسا و چوارچێوەیەک هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەمان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێرشیان کرد و لەو هێرشانەدا، جگە لە ڕێبەری مەزنی ئینقلاب، فەرماندە و بەرپرسان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و خەڵکی مەدەنییان شەهید کرد، کە ١٦٨ منداڵی بێتاوانیان تێدابوو.

پزیشکیان دەشڵێت: ئەوانەی ئەم تاوانانەیان ئەنجامداوە، درۆزن و فریودەرن سەبارەت بە دیموکراسی و ئەمڕۆش زیاتر لە جاران سەلمێنراوە کە هۆکاری سەرەکی نائەمنی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا ڕژێمی زایۆنیستییە.

سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژەدان بە شکستی دوژمنان و ئیرادەی نەتەوەی ئێران وتی: بیرۆکەی ئەوان ئەوە بوو کە ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەکەوێت و دەتوانن هەمان مۆدێل کە لە هەندێک وڵات پەیڕەویان کردووە لە دژی وڵاتەکەمان جێبەجێ بکەن.

وتیشی: ئەوان هەوڵیان دا بە کردەوەی ترسنۆکانە وڵاتەکەمان ئیفلیج بکەن و بیخەنە سەر ئەژنۆ، لەوانەش بە ئامانجگرتنی ژێرخانی و خەڵکی مەدەنی، بەڵام بە خۆڕاگریی بێهاوتای ئێران نەیانتوانی ئامانجەکانیان بەدیبهێنن.

پزیشکیان جەختی لەسەر پێداگری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پێکهاتەکانی دەسەڵاتی خۆی لە دانوستانەکانی داهاتوودا کردەوە و زیادی کرد: هیچ دانوستانێک لەسەر مووشەکی بالیستیک نەکراوە و ئەنجام نادرێت. ئێمە متمانەمان بە ئەمریکا نییە، چونکە دوو جار هێرش کرایە سەرمان لەکاتێکدا لەسەر ڕێگای دانوستان بووین. بەڵام ئێمە هەمیشە بۆ گفتوگۆ و ئاشتی ئامادە بووین و ئامادەین.

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز کڕنۆش بۆ داخوازی نایاسایی و نامرۆڤانە نادات.

پزیشکیان جەختی لە پابەندبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەڵێنەکانی کردەوە و ڕایگەیاند: ئێمە پێبەستن بە ئەوەی لە ڕێککەوتنی ئەم دواییەدا واژۆمان کردووە و گەلی ئێران و ڕێبەری مەزنی ئینقلابیش لەگەڵ ئەم چوارچێوەیە هاوڕان. ئەگەر لایەنی بەرامبەریش پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بێت و لە چوارچێوە ڕێککەوتنەکان تێپەڕ نەکات، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە پاشخانی شارستانی نەتەوەی ئێرانیش کرد و ڕایگەیاند: هەندێک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئێران دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بەردین، بەڵام وڵاتێک کە مێژوویەکی چەند سەد ساڵەی هەبێت چۆن دەتوانێت شارستانیەتێک لەناو ببات کە تەمەنی چەند هەزار ساڵە؟

پزیشکیان لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر پێویستی یەکگرتوویی نەتەوەی ئیسلامی کردەوە و وتی: هەموو موسڵمانانی جیهان برا و یەکسانن. کاتێک کتێب و پێغەمبەر و قیبلەمان یەک بن، هیچ هۆکارێک بۆ ناکۆکی لە نێوان موسڵماناندا نییە.

ناوبراو ئامادەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی و بەتایبەت پاکستان لە هەموو بوارەکاندا ڕاگەیاند و زیادی کرد: نابێ ڕێگە بدەین زایۆنیستەکان موسڵمانان لە دژی یەکتر بەکاربێنن.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەدا: پێویستە پەیوەندییەکانی ئێران و پاکستان لە پراکتیک و جێبەجێکردندا زیاتر پتەوتر بکرێت و کاریگەرییەکانی ئەم ڕێبازە لە یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی داهاتوودا دیار دەبێت.