جام کوردی - میدیایەکی عیبری لە ڕاپۆرتێکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای ئەمریکا گواستنەوەی بنکە سەربازییەکانی لە باشووری کەنداوی فارسەوە بۆ فەلەستینی داگیرکراو لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی سەربازیدا خستۆتە بەرنامەی کارەوە.
کەناڵی 14ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا لەو بارەوە دانی بەوەدانا کە دوای ئەو زیانە زۆرەی بە 20 بنکەی ئەمریکا کەوت لە ناوچەی کەنداوی فارس، پلانێک بۆ گواستنەوەی ئەو بنکانە بۆ ئیسرائیل (فەلەستینی داگیرکراو) دادەڕێژرێت.
بەگوێرەی ئەم میدیایە عیبرییە، دوای ئەوەی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداوی فارس و بەتایبەت بنکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین، لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا زیانێکی زۆریان بەرکەوت، ئەمریکا لە هەوڵی گواستنەوەی بارەگای ئەو بنکانەدایە بۆ ئیسرائیل، بەتایبەتی کە ڕادەی زیانەکانی بۆردومانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لەوەی کە ڕاپۆرتەکان بڵاوکراونەتەوە.
لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: پنتاگۆن لە ئێستادا بیر لە گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکاتەوە لە جێگیرکردنی هێزەکانی لە ناوچەکەدا، لەوانە پلانی کەمکردنەوەی هێزەکانی لە کوێت و سعودیە، گواستنەوەی بارەگا سەرەکییەکانی بۆ بنکە ژێرزەمینییەکان و گواستنەوەی یەکەکانی ئۆپەراسیۆن بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای زیاتر، لەگەڵ ئیسرائیل (فەلەستینی داگیرکراو) کە یەکێکە لە شوێنە ئەگەرییەکان بۆ میوانداریکردنی ئەو بنکانە.
دواتر میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە: لە نێوان کۆتایی مانگی شوبات و حوزەیران، ئێران چەندین جار بنکەی پێنجەمی دەریایی ئەمریکای لە بەحرەین کردە ئامانج کە تاکە بنکەی دەریایی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.