زیاتر لە 200 ڕۆژە خەڵکی ئێران لە شار و شارۆچکە جیاجیاکان و تەنانەت لە گوندەکان، دەڕژێنە سەر شەقامەکان و بە هاتنی خۆیان بەرگری لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. ئەم هەنگاوە یەک پەیامی ڕاستەوخۆی هەیە کە " ئێمە بۆ بەرگری لە وڵات و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەین "، وەک چۆن خەڵک لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران، ئەو حەماسەت و دەسکەوتە مەزنەیان خوڵقاند و ڕژێمی بەعسی پشتیوانیکراو لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەیان، تووشی داڕمان و شکستێکی گەورە کرد.

ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی هەڵەیەکی ستراتیژی بوون. دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا تەنانەت ئەوەی بە سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە وتبوو کە شەڕی ئێران ڕەنگە چەند ڕۆژێک ببات و دەسەڵاتی تاران دەڕووخێت، هەر ئەم هەڵەی واشنتن و تەلئەبیب بوو کە وایکردبوو دژبەران شۆڕشی ئیسلامی ئێران (کەسانی وەک کوڕی شا، مونافقین و گرووپە کوردییەکان) باسی گەڕانەوە و سیستەمی نوێی سیاسی و چەندین خەون و خەیاڵی دیکە بکەن.

ئەوەی ئێرانییەکان بە خەڵک و هێزە چەکدارەکانەوە لە گۆڕەپانی شەڕ و بەرگری لە وڵاتدا سەلماندوویانە، شکستێکی گەورەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، هەندێک وڵات و ناوچەی بەکرێگیراو و گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە، ئەمرۆ بۆ جیهان سەلمێندراوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران زلهێزێکی ناوچەییە کە شکۆی بانگەشەبۆکراوی ئەمریکای تووشی شکستێکی گەورە و داڕمانێکی مێژوویی کردووە.

ئەڵبەت ئێرانییەکان ئەزموونی زۆریان لە شکستپێهێنانی پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا هەیە و لە شەڕی هەشت ساڵەی سەدامەوە تا ئێستا بە دەیان پیلانی گەورە و بچووکیان تووشی شکست و لەناوچوون کردووە. شکستەکەی ئەمجارەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و پشتیوانە ئاشکرا و شاراوەکانیان، هێندە گەورەیە کە ترەمپ پەنای بۆ شەڕی ئابوری یان گەمارۆی هەمەلایەنەی ئێران بردووە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێران ماوەی 47 ساڵە لە لایەن ئەمریکاوە بە نایاسایی و نامرۆڤانە گەمارۆ و سزای ئابوریی لە سەر بووە و تا ئێستاش وڵات بە تایبەت لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانەوە کێشە و گرفتی نەبووە و لە هەمووش گرنگتر، ئەوەی پێداویستی بێت لە بازاڕەکاندا بە زۆری دەست دەکەوێت و هیچ کێشەیەک بوونی نییە، هەرچەندە بەرزبوونەوەی نرخەکان گرفت و ئاستەنگی بۆ خەڵک درووست کردووە.

بە دڵنیاییەوە کە شەڕ بەردەوام دەبێت و ئێران و ئێرانییەکانیش کارتی ئاشکرانەکراو و وانەی مێژووییان بۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت. هێزی گەل و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران هێندە شکستێکی جەرگبڕی بە سەر ئەمریکا و زایۆنیستەکاندا سەپاندووە کە هەڕەشەی بۆردومانکردنی ژێرخانی مەدەنی و بە تایبەت خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، غاز و کارەبا دەکەن، ئەمە هەمان داڕمان و سەرلێشێواوی واشنتن و تەلئەبیبە و هێزی ئێرانییەکان وایکردووە کە شکۆی ئەمریکا بە ڕادەیەک شکاوە کە گەورە بیرمەندە سیاسی و سەربازییەکانی جیهان دەڵێن " ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا بەم ڕادەیە لاواز بووە، ئەی لە شەڕی ئەگەریی چین، ڕووسیا و کۆریای باکوردا بارودۆخی چۆن دەبێت؟ ".