بەگوێرەی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا سنووری پەروێزخان بە یەکێک لە گرنگترین ڕێگا ئابوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق دادەنرێت، بەردەوامیی ئەم دۆخە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر متمانەی بازرگانەکان، وەبەرهێنەران، و چالاکانی گواستنەوەی هەردوو دیوی سنوورەکە هەبێت.

نامەگەلێکی ناڕەزایەتی کە بێ وەڵام ماونەتەوە / پچڕانی پەیوەندی بازرگانانی عێراقی لەگەڵ ژووری بازرگانی کرماشان بۆ ماوەی یەک ساڵ

حاجی ئەحمەد کەلاری (ئەحمەد عەلی محەمەد)، برپرسی یەکێتی بازرگانان و پیشەگەرانی گەرمیان، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و چالاکوانی دێرینی بازرگانی لە سنووری پەروێزخان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جام کوردی ڕایگەیاند، چەند نامەیەکی ناڕەزایەتی بۆ بەرپرسانی ئێران ناردووە.

بە وتەی ناوبراو، دوای ئەوەی کە خۆی لەلایەن یەکێک له هێزەکانی سەر سنوورەوە ڕووبەڕووی مامەڵەی نەشیاو بووەتەوه ، ناڕەزایەتێ خۆی لە شێوەی نامەدا ئاراستەی قایمەقامی قەسرشیرین، پارێزگاری کرماشان، ژووری بازرگانی، پەڕلەمان، بارەگاکانی بەرپرس و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.

کەلاری هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە بە شێوەیەکی ئامادەبوون لەگەڵ بەرپرسی هێزەکانی سەر سنووردا باسی ئەو بابەتەی کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەر لەو بارەوە نەگیراوەتەبەر و پێدەچێت ئەم کەسە لەلایەن هەندێک کەس یان دامەزراوەیەکەوە پاڵپشتی بکرێت!

ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ جام کوردی، جەختی لەوە کردەوە: ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە زیان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەگەیەنن و چاوەڕوان دەکەین بەرپرسانی ئێران بەدواداچوونێکی جددی بکەن و ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.

کەلاری ڕوونیشی کردەوە کە بەهۆی بەردەوامیی ئەم دۆخە، پەیوەندی نێوان یەکێتی بازرگانانی گەرمیان و ژووری بازرگانی کرماشان نزیکەی یەک ساڵی ڕابردوو بە کردەوە وەستاوە!

قایمەقامی قەسر شیرین: ئاگاداری ئەو پرسەین؛ بەدواداچوون لە ئەستۆی پاسەوانی سەرسنوور و ڕێکخراوەی دادوەری هێزە چەکدارەکانە

لەبەرامبەردا محەممەد شەفێعی پارێزگاری قەسر شیرین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جام کوردی، بوونی هەندێک سکاڵای پشتڕاستکردەوە و وتیشی: بەداخەوە ئێمە ئاگاداری ئەم بابەتەین، کەسانی دیکەش گلەیییان لە شێوازی هەڵسوکەوتی ئەم کەسە (ز-ی) کردووە.

قایمەقامی قەسرشیرین ڕایگەیاند، ئەم بابەتە لە ئەستۆی حکومەتدا نییە و دەشڵێت: بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی پاسەوانی سنوور و ڕێکخراوەی دادوەریی هێزە چەکدارەکاندایە.

شەفێعی هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە چەندین جار سکاڵاکانمان ناردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی دیاریکراو بەدەست نەهاتووە. بۆیە تەنها شتێک کە دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە بەڵگەنامەی پێویست دابین بکەین ئەگەر دەزگا بەرپرسیارەکان بەدواداچوون بکەن.

هەروەها داوای لە جام کوردی کرد درێژە بەم داخوازی میدیایی بدات و جەختیشی کردەوە: ئەمە مەسەلەی مافی مرۆڤە و دەبێت یەکلایی بکرێتەوە!

گێڕانەوەیەک لە گرژییەکی مشتومڕاوی لەگەڵ ئەندامێکی پەرلەمان

هەروەها لەمبارەیەوە زانیمان کە لە یەکێک لە سەردانە مەیدانییەکانی فەتحوڵڵا حسێنی نوێنەری خەڵکی ڕۆژئاوای کرماشان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بۆ سنووری پەروێزخان، ئەم کەسە ململانێی زارەکیی لەگەڵدا هەبووە و تەنانەت بە گوێرەی هەندێک قسەی بیستراو، لێی داوە. ئەم بابەتە ئەگەر ڕاست بێت، ئەوە نیشان دەدات کە مەودای ئەم پەراوێزە لە دەوروبەری ئەم کەسەدا تەنها لە بازرگان و شۆفێراندا سنووردار نییە، بەڵکو تەنانەت بۆ هەندێک بەرپرسیش درێژبووەتەوە.

بێ گومان ڕوودانی ئەو جۆرە ڕەفتارانە لە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە بازرگانییە فەرمییەکانی وڵاتدا دەتوانێت زیان بە متمانەی بەڕێوەبردنی سنوور و ژینگەی بازرگانی بگەیەنێت و ئەمەش پرسێکە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و یەکلاکەرەوە لە لایەن لایەنە بەرپرسیارەکانەوە دوو هێندە دەکات.

گومرگ: لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵام ئاگاداری ڕووداوەکەین

 بەرپرسانی گومرگی پەروێزخان جەختیان لەوە کردەوە کە تا ئێستا هیچ سکاڵایەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەدای گومرگەکە وەرنەگیراوە، هەروەها ڕایانگەیاند کە، ئەو بابەتەی کە باسی لێوە دەکرێت هیچ پەیوەندییەکی بە ئەرکەکانی گومرگەوە نییە.

بە گوتەی بەرپرسانی ئەم دامەزراوەیە، ئەگەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە هەڵسوکەوتی پاسەوانی سنوورەوە هەبێت، پێویستە لە ڕێگەی پاسەوانانی سنوور و پارێزگارەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

گومرگ هەروەها جەختی لەوە کردەوە، هەرچەندە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە لە دەسەڵاتی گومرگدا نییە، بەڵام ئەم بابەتە لای ئێمەش ناسراوە و دەمانەوێت چارەسەری بکەین.

ئەندامێکی پەرلەمان: ڕێزگرتن لە بازرگانان ئەرکی سەرشانی هەمووانە.

لەو پێوەندییەدا قسەکانی فەزڵوڵڵا ڕەنجبەر نوێنەری خەڵکی کرماشان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی شایانی گوێگرتنە. ناوبراو بێ ئەوەی ئاماژە بە نموونەیەکی دیاریکراو بکات، جەختی لەسەر پاراستنی کەرامەتی ئەو کەسانە کردەوە کە سەردانی سنوورەکانی پارێزگاکە دەکەن.

ناوبراو وتیشی: هەموومان پابەندین بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ هەردوو هاووڵاتی ئێرانی و چالاکوان و کاسبکارانی ئابووری عێراقی بکەین و کەشێکی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەک دابین بکەین.

ڕەنجبەر زیادیشی کرد: مامەڵەی دروست لەگەڵ چالاکانی ئابووری بەشێکە لە ئەرکی ئێمە لە ڕێگای پەرەپێدانی بازرگانی و خۆشگوزەرانی ئابووری لە ناوچەکەدا.

ناڕوونی لەسەر سنوور؛ کێ بەرپرسیاری بەدواداچوونە؟!

ئەوەی لە هەموو ئەو باسانەدا دەردەکەوێت ئەوەیە کە هەندێ گلەیی هەیە لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی لەسەر سنووری پەرویزخان کە لەلایەن هەندێک بەرپرسەوە ڕەت نەکراوەتەوە، بەڵام وەڵامێکی ڕوون نەدراوەتەوە سەبارەت بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو سکاڵایانەدا دەکرێت.

لە کاتێکدا قایمەقام بەرپرسیارێتی ئەم پرسە دەخاتە ئەستۆی پاسەوانی سەرسنوور و ڕێکخراوەی دادوەری هێزە چەکدارەکان و گومرگیش باس لەوە دەکات کە ئەم بابەتە لە دەرەوەی بازنەی ئەرکەکانیدایە، چالاکوانانی ئابووری عێراق پێیان وایە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەردوو دیوی سنوورەکە هەبێت. وەک چۆن لە ساڵی ڕابردوودا وا بووە!

لەهەرحاڵدا پەروێزخان تەنیا دەروازەیەکی سنووری نییە؛ ئەم سنوورە یەکێکە لە دەروازە گرنگەکانی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوبانگەکەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژینگەی بازرگانی وڵات و هەناردەکردن و تەنانەت دیپلۆماسی ئابووریشدا هەیە.

وا دیارە ئێستا زیاتر لە جاران هاتنە ناوەوەی بەڕێوەبەرایەتی باڵا و دەزگاکانی ڕێکخستن و دەسەڵاتە بەرپرسیارەکانی پارێزگاکە زۆر گرنگە بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەم سکاڵایانە و ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی پرسەکە و وەڵامدانەوەی شەفافانە بۆ ڕای گشتی؛ چونکە لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا متمانە و ڕێزگرتن لە یەکتر سەروەت و سامانێکن کە لەدەستچوونیان زۆر زیاتر لە هەر زیانێکی ئابووری تێچووی دەبێت.

تایبەت بە جام کوردی