ئەم هێرشانە توندترین دەستدرێژی سەربازییە لە دوای ئاگربەستەوە. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بە زنجیرەیەک هێرشی قورس بەشێک لە ناوچەکانی باشووری ئێرانی وڵاتەی کردە ئامانج. ئەم هێرشانە کە بە توندترین دەستدرێژیی ئەمریکا دادەنرێت لە دوای جێبەجێکردنی ئاگربەست لە مانگی نیساندا، مەترسییەکی توندی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروستکردووە.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، سەرچاوە ناوخۆییەکان و دەزگای پەخشی ئێران زنجیرەیەک تەقینەوەی گەورە لە پارێزگای هورمزگان بڵاودەکەنەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی لە شوێنی ڕووداوەکەوە بڵاوکراونەتەوە، دەنگی تەقینەوە یەک لە دوای یەکەکان بە ڕوونی لە ناوچەی بەندەری سیریک و گوندی تاهرۆیە بیستراوە. سەرچاوەکانی هەواڵ پشتڕاستیان کردۆتەوە کە ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ دەرچەی بازرگانی سیریک و دەرچەی ماسیگرتن لە گوندی زیارەتیان کردۆتە ئامانج.

جگە لە سیریک، ناوچەکانی دەوروبەری دوورگەی قشم و بەشێک لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای بەندەر عەباس لە مەودای ئەو هێرشانەدان. 

هەروەها تەقینەوە لە ناوچەکانی وەک بەندەری شەهید باهۆنەر و دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس تۆمار کراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پانتایی بەربڵاوی ئەم دەستدرێژییە سەربازییە. دەزگای پەخشی ئێران ڕایگەیاند کە چەند خولەکێک لەمەوبەر ستوونی ئاگر و دوکەڵ لە پشت بازاڕی ماسی بەندەر عەباسەوە بینراوە و فەرماندەیەکی سەربازیش ڕایگەیاندووە کە شوێنی تاوەرەکانی پەیوەندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هورمزگان جارێکی دیکە لێی دراوە.

پارێزگاری هۆرمۆزگان هەروەها ڕایگەیاند: تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکمان لەبارەی کوژرانی مەدەنی لە هێرشەکانی ئەمشەو لەلایەن دوژمنی ئەمریکاوە نەبووە.