بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا هۆشدارییان داوە کە هەڕەشەی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر سعودیە لە دەریای سووردا، بەشێوەیەکی بەرچاو مەودای شەڕی ئێران فراوانتر بکات و گوشاری زیاتر بخاتە سەر سوپای ئەمریکا کە لە ئێستاوە خەریکی شەڕە لەگەڵ ئێران.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەنساروڵای یەمەن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ڕێگە بە کەشتیەکان نادات لە بەندەرەکانی سعودیە باربکەن یان دابەزێنن، ئەمەش هەنگاوێکە کە ئەگەری هەیە ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی سعودیە بگرێت و ڕێژەی 7%ی دیکەی دابینکردنی نەوتی جیهانی ببڕێت.

ترەمپ کە نزیکەی دوو هەفتەیە ئاگربەستەکە پێشێل دەکات و زۆر نیگەران بووە لە گەمارۆی دەریایی ئەنساروڵڵا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەگەر ئەوە ڕووبدات، دەتوانین مامەڵەی لەگەڵ بکەین، پێشتر لەگەڵ حوسییەکان ئەو کارەمان کردووە."

ڕۆیتەرز بەردەوام بوو، بەڵام بۆ سوپای ئەمریکا ڕەنگە بابەتەکە ئەوەندە سادە نەبێت.

میدیاکانی بەریتانیا بەردەوام بوون لە وەسفکردنی تواناکانی ئەنساروڵڵا و ڕایانگەیاند کە ئەنساروڵڵای یەمەن ناوبانگێکی زۆری هەیە کە شەڕکەرێکی توند و چالاکی هەیە و سەرکەوتووانە بەرەنگاری هێرشەکانی پێشووی سعودیە و ئەمریکا بووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕووبەڕووبوونەوەیان بە مانای گرژبوونی سەرچاوەکانی ئەمریکا دەبێت، کە لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئێران و پاراستنی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی فارسە.

جەیسن کامپبێل، بەرپرسێکی باڵای پێشووی پنتاگۆن دەڵێت: "دەبێت سەرچاوە تاڕادەیەک بەهێزەکانت بەڵام سنووردارەکانت لە ناوچەکەدا لە نێوان دوو بەرەی چالاکدا دابەش بکەیت".

کامپبێل کە ئێستا لە ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی دەریای سوور دەتوانێت بە مانای گواستنەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە کەنداوی فارسەوە بۆ نزیک یەمەن بێت بۆ ئەوەی سوپای ئەمریکا هەم لە دژی ئەنساروڵڵا چالاکی بکات و هەم بەرگری لە  بەرانبەر مووشەکەکانیان بکات.

ڕۆیتەرز لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەری چوونە ناوەوەی ئەنساروڵڵا بۆ ناو شەڕەکە نموونەیەکی دیکەیە لە پەرەسەندنی ئەو شەڕەی کە ترەمپ سەرەتا وەک هەڵمەتێکی بۆردومانی تەرکیزکراو نیشانی دا کە ئامانجی چۆککردنی ئێرانە، پێشهاتێک کە ئێستا دەبێتە دووڕیانێکی سیاسی زیاتر بۆ سەرۆکی ئەمریکا.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەگەر کەشتی و فڕۆکەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا ناچار بکرێن ڕووبەڕووی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئەنساروڵڵا ببنەوە، ئەوە ڕەنگە کێشەی کەمبوونەوەی تەقەمەنی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی ڕێگریکەری ئەمریکا گەورەتر بکات کە پێشتر شارەزایان هۆشدارییان داوە.

پنتاگۆن وەڵامی داواکاری ڕۆیتەرزی نەدایەوە بۆ لێدوان. مایکل مولرۆی، جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی خولی یەکەمی ترەمپدا وتی: حوسییەکان لە ڕابردوودا چەندین جار نیشانیان داوە کە توانا و ئیرادەیان هەیە بۆ پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی لە دەریای سوور و گەرووی باب ئەلمەندەب.

لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی ئەنساروڵڵا ئەنجامدا بە هیوای لاوازکردنی تواناکانی گروپەکە و ترەمپ ئەو هەوڵەی ساڵی ڕابردوو چڕترکردەوە و پێگەکانی ئەنساروڵڵای بۆردومان کرد کە هێرشیان دەکردە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و کەشتییە سەر بە ئیسرائیلییەکان لە کەناراوەکانی یەمەن بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی غەززە.

بەڵام شارەزایان دەڵێن هیچ کام لەم دوو هەڵمەتە نەیانتوانیوە توانای گروپەکە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی لەناوببەن.

بەرپرسانی ئەمەریکا دانیان بەوەدا ناوە کە لە کاتێکدا سوپای ئەمریکا باشترین سەرچاوەی دارایی لە جیهاندا هەیە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی سەرچاوەکان بووەتەوە و زۆرێک لە سیستەمەکانی پێویست بۆ یەمەن لە ئێستاوە لە شەڕی ئێراندا جێگیرکراون.

بەرپرسێک وتی: "ئێمە لە ئێستاوە زۆر سەرقاڵین"، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک کەشتی جەنگی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە فشارە بەرزەکانەوە لە ئاسایی زیاتر لە دەریادا بوون، سەرەتا لە کاریبی و ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەرکە درێژخایەنەکان لە چاوەڕوانکراو تیمەکان ماندوو دەکەن و لە کۆتاییدا کەشتییەکان دەبێت بگەڕێنەوە بەندەر بۆ چاککردنەوە.

هەروەها مارک کانسیان ئەفسەری خانەنشینکراوی هێزی دەریایی ئەمریکا لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان هاوڕایە کە کردنەوەی بەرەی دووەم لە دەریای سووردا فشار دەخاتە سەر هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا.