بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوکتور سۆحبەت ڕەزایی، پسپۆڕی گوێ و قورگ و لووت و نەشتەرگەری سەر و مل، وەکوو یەکەم پزیشکێک کە ئەم نەشتەرگەرییە لە کرماشاندا ئەنجام ئەدات، لەگەڵ جام کوردی سەبارەت بە سوودەکانی ئەم شێوازە، دۆخی چارەسەری نەخۆشییەکانی گوێ لە پارێزگاکە و توانای کرماشان بۆ بوون بە ناوەندێکی گەشتیاری تەندروستی وتووێژی ئەنجام داوە، لە خوارەوە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیە بخوێنەرەوە:

-تکایە خۆتان بە بەردەنگانی جامی کوردی بناسێنن.

من دکتۆر سوحبەت ڕەزایی پزیشکی پسپۆڕی گوێ و لووت و قوڕگ و نەشتەرگەری سەر و مل و دەرچووی زانکۆی شەهید بەهەشتی لقی زانستە پزیشکییەکانم. نزیکەی هەشت ساڵە لە بواری چارەسەری نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووتدا کاردەکەم، تەرکیزی سەرەکیشم لەسەر نەشتەرگەری ئەندۆسکۆپی لووت و سینووس و هەروەها نەشتەرگەری جوانکاری دەموچاوە.

- جەنابت یەکەم نەشتەرگەری چاککردنەوەی تەپڵی گوێت بە شێوازی ئەندۆسکۆپیک لە کرماشان ئەنجامداوە. ئەم شێوازە چۆن جیاوازە لە نەشتەرگەرییە ئاساییەکان؟

نەشتەرگەری ئەندۆسکۆپیک چەندین سوودی هەیە بە بەراورد بە شێوازە ئاساییەکان. ئەم شێوازە ئامێرە پێشکەوتووەکان بەکاردەهێنێت، ماوەی نەشتەرگەری و بێهۆشکردن کەمدەکاتەوە، هەروەها ڕێگە بە پزیشکی نەشتەرگەری دەدات کە ڕاستەوخۆتر دەستی بگات بە بۆشایی ناوەڕاست و ناوەوەی گوێ بە مەیدانی بینینی زۆر ڕوونەوە.

هەروەها زۆرێک لەو نەشتەرگەریانەی کە لە ڕابردوودا بە بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپ ئەنجامدانیان قورس بوو، ئێستا بە وردی و ناسکی زیاتر بەم شێوازە ئەنجام دەدرێن. سوودەکانی تر بریتین لە نەبوونی بڕین لەسەر پێست، زیان گەیاندنی کەمتر بە شانەکانی دەوروبەر، کەمبوونەوەی ئاڵۆزییەکان،چاکبوونەوەی خێراتری نەخۆش و ئاسانتر چاودێریکردن و بەدواداچوون دوای نەشتەرگەری.

-بۆ ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە چ ژێرخان و کەرەستەیەک پێویستە و ئایا کرماشان ئەمڕۆ لەڕووی چارەسەری نەخۆشییەکانی گوێچکە گەیشتووەتە ئاستێکی خوازراو؟

ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە پێویستی بە ئامێری پێشکەوتوو هەیە وەک کامێرای ئەندۆسکۆپیک، مۆنیتەر، پرۆسسور، شیڤر و سێتی نەشتەرگەری ناسک کە بە ئامێری ساکشن تەیار کراوە.

ئەمڕۆ زۆرێک لە نەشتەرگەرییەکانی گوێچکە، لەوانە چاککردنەوەی تەپڵی گوێ، لابردنی کۆلیستیاتۆم، بنیاتنانەوەی زنجیرەی ئێسک و پروسکی گوێ، بڕینی ستاپێدێکتومی بەم شێوازە ئەنجام ئەدرێت.

ئەم شێوازی چارەسەرە لە ساڵانی ڕابردوودا لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە و لە ئێران لەلایەن د.محەممەد فەرهادی و د.ئەحمەد دانشیەوە دامەزراوە و لە ناوەندی ڕاهێنانی پزیشکی حەزرەت ڕەسووڵ ئەکرەم وەک وانە دەوترێتەوە. ئێستا ئەم توانایە لە کرماشانیشدا هەیە و ئەگەری پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزاریانە بە نەخۆشانی پارێزگاکانی دراوسێ و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش دابین کراوە.

-بە لەبەرچاوگرتنی نزیکیی کرماشان لەگەڵ عێراق، ئایا ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە پێشکەوتووانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری تەندروستی؟

بە دڵنیاییەوە هەر وا دەبێت. بوونی نەشتەرگەری مۆدێرن لە کرماشان توانایەکی گونجاوی بۆ ڕاکێشانی نەخۆش لە پارێزگاکانی دراوسێ و هەروەها عێراقەوە خوڵقاندووە. بە ناساندنی ئەو توانایانە بە شێوەیەکی دروست و پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری تەندروستی، دەکرێ نەخۆشێکی زیاتر بۆ کرماشان ڕابکیشێت بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری پزیشکی.

-باوترین کێشەی گوێ چییە کە نەخۆشەکان بەو بۆنەوە سەردانت دەکەن و چ ئامۆژگاریەکت هەیە بۆ خەڵک؟

باوترین سەردان بۆ هەوکردنی گوێ، کۆبوونەوەی مۆمی گوێ، وزوز دەنگ و سەرگێژخواردنە. بەزۆری هەوکردن و مۆمی گوێ چارەسەر دەکرێت، بەڵام زەنگ و وزوز و سەرگێژخواردن پێویستی بە پشکنینی تایبەتمەندتر هەیە و لە زۆر حاڵەتدا چارەسەرکردنیان ئاڵۆزترە. هێشتا پێویستمان بە پەرەپێدانی دامەزراوەی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن هەیە لەم بوارەدا.

-پلانتان بۆ پەرەپێدانی نەشتەرگەری پێشکەوتووی گوێ لە کرماشاندا چییە؟

هەرچەندە وەڵامی ئەم پرسیارە زیاتر لە ئەستۆی سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان و بریکاری پەروەردەیی و کۆڕی ڕاهێنانی بەشی گوێ و لووت و قوڕگدایە. بەڵام لە ئێستادا بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی خۆم لە سەنتەری پەروەردەیی و پزیشکی ئیمام ڕەزا (ع) ئەم خزمەتگوزاریانە پێشکەش دەکەم، هیوادارم بە پاڵپشتی بەرپرسان، بتوانرێت پەرە بەو خزمەتگوزاریانە بدرێت و زیاتر لە نەخۆشانی زیاتر لە نەشتەرگەری گوێ پێشکەوتوو لە پارێزگاکەدا سوودمەند بن.