جام کوردی -  ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تاران ڕێگە بە ئەمریکا نادات کات و چوارچێوەی دانوستانەکان دیاری بکات.

بەقایی لە پرێس کۆنفڕانسی حەفتانەی لە ڕۆژی دووشەممە، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئیدیعای بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە پێشنیاری هاوبەشی ئیسلام ئاباد و دەوحە بۆ ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا لەسەر بنەمای ئاسایشی نەتەوەیی، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و بەرژەوەندییەکانی وڵات بڕیارەکانی خۆی دەدات. ناوبراو بە ڕەتکردنەوەی ئەو تێڕوانینەی کە ئەمریکا شەڕەکە بەڕێوەدەبات، وتی واشنتۆن گیرۆدەی قەیرانێکە کە خۆی دروستی کردووە.

بەقایی وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی نورنیوزی دایەوە کە هەندێک لە شیکارییەکانی میدیایی کردەوەکانی ئەم دواییەی ئێران بە بیانوویەکی پێویست بۆ دەستدرێژی نوێی ئەمریکا بۆ سەر وڵات دەزانن و ئەوەی کە ئایا دەکرا بە گۆڕینی هەندێک ڕەفتار و هەڵوێست ڕێگری لە دوژمن بکرێت کە ئاگرەکە هەڵبگیرسێنێتەوە؟ و وتی: پێویستە ئەوە لەبیر بهێنرێتەوە کە ئەمریکا پێشتر چەند جارێک دەستدرێژیی سەربازیی بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە و هەروەها دەتوانرێت لە هەمان چوارچێوەدا ئەو کارەی ئەم دواییە هەڵسەنگێندرێت. گرنگ نییە چۆن سەیری بابەتەکە دەکەیت و چەندە پڕوپاگەندە بەکار دەهێنیت، ڕاستییەکە ئەوەیە کە واشنتۆن هەوڵی داوە بیانوویەک بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان و پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکان دروست بکات.