ئەم مووشەکە مەودا دوورانە چەکی زۆر یەکلایی کەرەوە و سەرەکین، چونکە ڕێگە بە سوپا دەدەن لە دوورەوە و بە بێ مەترسی، ئامانجەکانیان بە وردی بپێکن. مووشەکەکانی ئەتاکمز لە جەنگی ئۆکرانیادا ڕۆڵێکی بەرچاویا بینی و ھێزەکانی ئۆکرانیا بۆ لێدانی ئامانجەکانی ناو خاکی ڕووسیا بەکاریان هێنا. 

مووشەکەکانی پریزم-یش نەوەیەکی نوێتر و پێشکەوتووترن کە شوێنی ئەتاکمزە کۆنەکان دەگرنەوە و مەودایەکی دوورتریان هەیە.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچووی هەر دانەیەک لەم مووشەکانە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلارە، و لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەگەریدا لەگەڵ چین، چەکی یەکلاکەرەوە دەبن. سەرچاوەکان ئامادە نەبوون ئاماری وردی ئەو مووشەکانە ئاشکرا بکەن کە لە کۆگاکاندا ماونەتەوە.

لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەی چوارەم گوتی کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کە بەرپرسە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نزیکەی هەموو مووشەکە زەمینییەکانی بەکارهێناوە کە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە لەبەردەستیدا بوون. بەڵام دواتر لە ڕێگەی هێنانی چەک لە ناوچەکانی تری جیهانەوە، تا ڕادەیەک کۆگاکانی پڕکردووەتەوە. هەموو سەرچاوەکان داوایان کردووە ناوەکانیان بڵاو نەکرێتەوە.

وەڵامی ترەمپ و کۆمپانیاکان

کاتێک لەبارەی کەمیی ئەم چەکانەوە پرسیار لە کۆشکی سپی کرا، بەیاننامەیەکی لەسەر زاری سەرۆک دونالد ترامپ بڵاوکردەوە. ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەمریکا "تەقەمەنیی زۆر زیاتری هەیە لە هەر وڵاتێکی تر" و بڕەکەشی "زۆر زیاترە لەوەی پێویستمانە." ترەمپ زیادی کرد کە کۆمپانیاکانی بەرگریی ئەمریکا بە بەراورد لەگەڵ هەر کاتێکی تر، کارگە و ئامێرەکانیان فراوان کردووە و بە ڕێژەیەکی پێوانەیی چەک بەرهەم دەهێنن.

شارەزایان هاوڕان کە بەرهەمهێنانی هەندێک چەک (وەک گوللە تۆپ و هەندێک مووشەک) گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز، بەڵام هۆشداری دەدەن کە ئەم بڕە بەرهەمهێنراوە ڕەنگە بەشی جەنگێکی درێژخایەن نەکات.

تا ئێستا کۆمپانیای (لۆکهید مارتن) کە دروستکەری مووشەکەکانی ئەتاکمز، پریزم و سیستەمی بەرگریی (ثاد / THAAD)ە، هیچ وەڵامێکی سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ یان ڕەوشی کۆگاکان نەداوەتەوە. بە هەمان شێوە کۆمپانیای (ڕەیثیۆن / Raytheon) کە مووشەکەکانی تۆماهۆک و پاتریۆت دروست دەکات، بێدەنگی هەڵبژاردووە.

ئەم زانیارییانە سەبارەت بە کەمیی تەقەمەنی، هەفتەی ڕابردوو لە کاتی دانوستانە گرژەکانی ئیدارەی ترەمپدا دەرکەوتن، کاتێک گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرا کە ئەمریکا تا کەی دەتوانێت بەردەوام بێت لە بۆردومانکردنی ئێران بێ ئەوەی کۆگاکانی بەجۆرێک خاڵی ببنەوە کە توانای سوپاکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی تر لە جیهاندا لاواز بێت.

هۆشدارییە سەربازییەکان

سەرچاوەیەک باسی لەوە کرد کە کەمبوونەوەی مووشەکەکانی ئەتاکمز و پریزم دەریخستووە کە ئیدارەی ترەمپ نەیویستووە ڕێگە مەترسیدارەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربێنێت، وەک ناردنی فڕۆکەی جەنگی بۆ بەردانەوەی بۆمب.

لەبەر ئەوەی ئەم مووشەکانە ڕێگە بە سوپا دەدەن لە مەودایەکی دوورەوە هێرش بکەن، شارەزایان پێیان وایە لە جەنگێکدا لەگەڵ وڵاتێکی وەک چین که بەرگریی ئاسمانیی بەهێزی هەیە، زۆر پێویست و بەنرخ دەبن.

ڕاپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) کە لە مانگی ئاداری ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەم چەکانە بۆ لێدانی ئامانجەکانی ناوخۆی ئێران بەکارهێنراون. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو کە کۆگاکانی مووشەکی پریزم لە سەرەتادا کەم بوون چونکە چەکێکی نوێن، بەڵام سوپا داوای بڕێکی زۆری لەوانە بۆ ساڵی ۲۰۲۷ کردووە. سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بەپێی کات مووشەکەکانی ئەتاکمز لەکاردەخات و تەرکیز دەخاتە سەر بەرهەمهێنانی پریزم.

دوو لە سەرچاوەکان گوتیان فەرماندە سەربازییەکان بۆ چەندین هەفتە هۆشدارییان داوەتە ترەمپ سەبارەت بە کەمبوونەوەی چەکە بەرگرییەکان، بەتایبەت مووشەکەکانی پاتریۆت کە بۆ ڕێگریکردن لە مووشەکی بالیستی بەکاردێن. میدیاکان هەفتەی ڕابردوو بڵاویانکردەوە کە ترەمپ بڕیاریداوە هێرشی تر ئاڕاستەی ناوخۆی ئێران نەکات، کە بەشێکی بەهۆی ئەم هۆشدارییانەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی بووە. بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی ئەمەی ڕەتکردەوە و گوتی ترەمپ بەهۆی گوشاری وڵاتانی کەنداوەوە هێرشەکانی ڕاگرتووە.

داڕمانی  چەکە بەرگرییەکان

ناوەندی (CSIS) لە ڕاپۆرتێکی تری هەفتەی ڕابردوودا ئاشکرای کرد کە نزیکەی ٦٥٪ی مووشەکە ڕێگرەکانی پاتریۆت لە نێوان مانگی شوبات و تەموزدا بەکارهێنراون، و ژمارەی مووشەکەکانی ثاد (THAAD) لە کۆگاکانی ئەمریکادا بەلایەنی کەمەوە ۳۸٪ لە دەستپێکی جەنگەکەوە کەمی کردووە. سیستەمەکانی پاتریۆت و ثاد ڕادار و مووشەکی پێشکەوتوون کە مووشەکە هاتووکان تێکدەشکێنن و بە گرنگترین چەکی بەرگریی ئەمریکا دادەنرێن.

دوو لە سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ئەم ئامارانە لەگەڵ زانیارییە ناوخۆییەکانی ئەمریکادا دەگونجێن. هەروەها سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا لە دەستپێکی جەنگەکەوە، نزیکەی نیوەی هەموو کۆگاکانی خۆی لە مووشەکی تۆماهۆک (کە ئاسایی لە کەشتییە جەنگییەکانەوە دەتەقێنرێن) بەکارهێناوە.