بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم لیستەدا کە لەلایەن بریکاری گەشەپێدانی بازرگانیی وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵییەوە ڕاگەیەندراوە، کۆمەڵێک بەرهەمی هەمەچەشنی ئاوی و پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان، لە سنووردارکردنی هەناردەکردن بەخشراون.
ماسی ڕازاوە، جۆرەها بوونەوەری دەریایی، مەیگوو و مەیگووی هێلکەکەر، قزڵئاڵا، ماسی کەپوور، ماسی وشککراوە، هێلکە و بێچوو ماسی و ماسی تۆن و بەرهەمە ئاوییەکانی دیکە لە بابەتەکانی ئەم لیستەن.
هەروەها سیست ئارتیمیا، ئاگار ئاگار، خاڤیار و جێگرەوەی خاڤیار، تۆزی ماسی و خۆراکی بوونەوەرە ئاوییەکان لەو بەرهەمانەن کە لە قەدەغەکردنی هەناردەکردن بەخشراون.
لەسەر بنەمای ئەم ئاگادارییە، کۆدە گومرگییە ڕاگەیەندراوەکان خراونەتە لیستی ئەو شتانەی کە لە قەدەغەکردنی هەناردەکردن بەخشراون و بابەتەکە بۆ ئاگادارکردنەوە ڕەوانەی گومرگی جێبەجێکردن کراوە.