بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نزیکەی لەسەدا 15ی ئەو سووتەمەنیەی کە کارگەی چیمەنتۆی ڕۆژئاوای کرماشان پێویستی پێیەتی، ئێستا لە ڕێگەی سووتەمەنی بەدیلەوە کە لە پاشماوە یان RDF وەرگیراوە، دابین دەکرێت. بە وتەی مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان، ئەم پڕۆژەیە بۆ یەکەمجار لە وڵاتدا جێبەجێ کراوە و دەتوانێ نمونەیەک بێت بۆ پارێزگاکانی دیکە.

گرنگی ئەم ئەزموونە تەنیا لە دابینکردنی بەشێک لە وزەی یەکەیەکی پیشەسازیدا سنووردار نییە. RDF دەتوانێت لە یەک کاتدا دوو پرس بکاتە ئامانج؛ لە لایەکەوە بەشێک لە پاشماوە بەکارنەهێنراوەکان دەگۆڕێت بۆ سووتەمەنی و لە لایەکی دیکەوە پشتبەستنی پیشەسازییەکان بە سووتەمەنی ئاسایی کەمدەکاتەوە.

عێراقیش ئەزموونی RDF ی هەیە

لە سلێمانیشدا کۆمەڵگەیەک هەیە بۆ گۆڕینی پاشماوەی شارەکان بۆ RDF، ئەم سووتەمەنیەش لە کارگەکانی چیمەنتۆی ناوچەکەدا بەکاردەهێنرێت، لەوانەش گاسین و بازیان. ئەم کۆمەڵگە لە ساڵی 2020دا چالاکی خۆی دەستپێکرد  و لە ساڵی 2025دا، بەدواداچوون بۆ پەرەپێدانی کراوە.

توانای ئەزمونی عێراق ئەوە دەردەخات کە مەسەلەی سەرەکی فرۆشتنی تەکنۆلۆژیایەکی نەناسراو نییە بەم وڵاتە، بەڵام بوونی پڕۆژەی چالاکانەی RDF لە عێراقدا دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ پێکهێنانی هاوکاریی تایبەتمەندتر لە نێوان چالاکوانانی هەر دوو وڵاتدا؛ هاوکاری کە گواستنەوەی ئەزموون و زانیاری تەکنیکی بۆ دیزاین، دابینکردنی ئامێر، بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی پڕۆژەی نوێ لەخۆدەگرێت.

ئەزمونی سلێمانی دەریدەخات کە گۆڕینی پاشماوە بۆ سووتەمەنی دەتوانێت لە یەک کاتدا خزمەت بە بەڕێوەبردنی پاشماوەی شارەکان و دابینکردنی سووتەمەنی بەدیل بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ بکات؛ مۆدێلێک کە توانای پەرەپێدان و تەواوکردنی لە ناوچەکانی دیکەشدا هەیە.

دەرفەتی کرماشان؛ هەناردەکردنی RDF یان خزمەتگوزاری؟!


لەم نێوانەدا، ڕەنگە سوودی سەرەکی کرماشان لە هەناردەکردنی خودی RDFدا نەبێت، بەڵکو لە هەناردەکردنی خزمەتگوزاری و ئەزموونی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا بێت. ئەگەر ئەزموونی پراکتیکی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی سووتەمەنی بەدیل لە چیمەنتۆی ڕۆژئاوا ببێتە زانیارییەکی کارپێکردنی بازاڕ، کۆمپانیا و گروپە چالاکەکانی پارێزگاکە دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە بازاڕی عێراقدا.

دیزاینکردن و خستنەگەڕی هێڵەکانی گۆڕینی پاشماوە بۆ سووتەمەنی، دابینکردنی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری، دابینکردنی کەرەستە، ڕاوێژکاری لەسەر کارپێکردن و بەڕێوەبردنی پاشماوە، هاوکاریکردن لەگەڵ کارگەکانی چیمەنتۆی عێراق بەشێکن لەو توانایانەی کە دەتوانرێت لە چوارچێوەی هاوکاری ئابووری نێوان هەردوو وڵاتدا پێناسە بکرێن.

ئەم پرسە بۆ کرماشان گرنگترە؛ پارێزگایەک کە دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆی هەیە بۆ بازاڕی عێراق و لەم ساڵانەی دواییدا پەرەپێدانی بازرگانی و هەناردەکردنی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری بۆ عێراق زیاتر لە جاران گرنگی پێدراوە.

هاوکاری لەبری ڕکابەری

مەرج نییە بوونی ئەزموونی RDF لە عێراقدا هەڕەشەیەک بێت بۆ سەر کرماشان. بەپێچەوانەوە بازاڕ و ئەزمونی هەنووکەیی لە عێراقدا دەتوانێ خاڵی دەستپێکی هاوکاری بێت. هەردوو دیوی سنوورەکە ڕووبەڕووی کێشەیەکی هاوبەش دەبنەوە: زیادبوونی پاشەڕۆ، پێویستی پیشەسازی بە وزە و پێویستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنی فوسیلی.

ئێستا کرماشان ئەزموونێکی نوێ و پراکتیکی هەیە و عێراقیش نموونەی چالاک و گەشەسەندووی لەم بوارەدا هەیە. تێکەڵکردنی ئەم دوو ئەزموونە دەتوانێت زەمینە بۆ هاوکاری نێوان شارەوانییەکان، کۆمپانیاکان، کارگەکانی چیمەنتۆ، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری لە ئێران و عێراقدا خۆش بکات.

ڕەنگە زوو بێت کە باس لە هەناردەکردنی بەربڵاوی تەکنەلۆجیای RDF لە کرماشانەوە بۆ عێراق بکرێت، بەڵام ئەزموونی چیمەنتۆی ڕۆژئاوا پەیامێکی گرنگی هەیە: پاشەڕۆ دەتوانرێت لە تێچوونێکەوە بگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەیەکی ئابووری. ئەگەر ئەم ئەزموونە بە شێوەیەکی دروست پەرەی پێبدرێت و بازرگانی بکرێت، کرماشان جگە لە هەناردەکردنی کاڵا، دەتوانێت بە بەرهەمێکی جیاوازەوە بچێتە بازاڕی عێراقەوە؛ هەناردەکردنی زانیاری و ئەزموون و خزمەتگوزاری تەکنیکی لە بەڕێوەبردنی پاشماوە و بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەدیل!

تایبەت بە جام کوردی