سەید حەسەن فەزلوڵڵا، نوێنەری فراکسیۆنی وەفاداریی بۆ مقاوەمە لە پەرلەمانی لوبنان، ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.

لەم دیدارەدا پەرلەمانتارە لوبنانیەکە بە گەیاندنی سڵاوی شێخ نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، بەرگریی قارەمانانەی نەتەوەی ئازای ئێرانی لە بەرامبەر دەستدرێژی سەربازی ئەمریکا-زایۆنیستی و هەروەها دیپلۆماسیەتی بەهێزی ئێرانی بەرز نرخاند و بە هۆکاری چەسپاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و جێگای شانازی دۆستانی ئێران و هەموو خەڵکی ناوچەکە و خەڵکی ئازادی جیهان زانی.

فەزلوڵڵا هەروەها ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین بارودۆخی لوبنان و درێژەی دەستدرێژی و داگیرکاری ڕژێمی زایۆنی لەدژی ئەم وڵاتە پێشکەش کرد.

ناوبراو پاڵپشتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ گەلی لوبنان و بەتایبەت هەوڵەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پاڵپشتی کردنی گەلی لوبنان و مقاوەمە لە پڕۆسەی دیپلۆماسی بەرز نرخاند و جەختی لە سەر پێویستیی هەنگاوی یەکگرتوو و چارەنووسسازانەی وڵاتانی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانخوازی و تاوانەکانی ڕژیمی زایۆنی لە لوبنان، غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا کردەوە.

لەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەمان ستایشی خۆڕاگری و هەڵوێستی شەرەفمەندانەی گەلی لوبنان لە بەرامبەر دەستدرێژییە دڕندەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کرد و جەختی لە پشتیوانی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەلی لوبنان لە داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی و کەرامەت و سەروەریی نەتەوەیی ئەم وڵاتە کردەوە.