به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن دانایی فەر، له دیدارێکدا لەگەڵ چالاکانی ئابووری کرماشان، عێراقی بە یەکێک لە گرنگترین هاوبەشه بازرگانییەکانی ئێران زانی و وتی: کرماشان له ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پێگەیەکی گرنگی لە هەناردەکردن بۆ عێراقدا بووە.
بە وتەی ناوبراو، نزیکەی 22%ی هەناردەی نانەوتی ئێران لە دوو دەیەی ڕابردوودا بۆ بازاڕی عێراق تەرخان کراوە و ئامانجی بازرگانی نێوان دوو وڵاتیش بە بڕی 20 ملیار دۆلار جێگای دەستەبەرە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ئامادەبوونی وڵاتگەلێک وەک چین و ئیمارات لە بازاڕی عێراقدا، جەختی لەسەر پێویستی چاکسازی لە شێوازە بازرگانییەکانی ئێران کردەوە بۆ ئەوەی پشکی خۆی لەم بازاڕەدا بپارێزێت و وتی: هەناردەکردنی یەکلایەنە بەردەوام نییە و هاوردەکردن لە عێراق و ئاڵوگۆڕی کاڵا و هاوردەکردن لە بەرامبەر هەناردەکردنیشدا پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.
دانایی فەر بە ئاماژە بە کێشەکانی بازرگانانی کرماشان لە هەرێمی کوردستاندا، جەختی لەسەر بەکارهێنانی توانای کونسوڵخانەکانی ئێران له هەولێر و سلێمانی کردەوە و وتیشی : "پێویسته بابەتەکانی پەیوەندیدار به باجی گومرگی، تاقیکردنەوەی کاڵا و باجی هەناردەکردن له هەرێمی کوردستان بە شێوازی کەیسی بپشکنرێن و له ڕێگە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێن.
ناوبراو هەروەها هەموارکردنی یاسای بەڕەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخی کاڵا و دراوی به پێویست زانی بۆ چارەسەرکردنی هەندێک له کێشەکانی بازرگانی نێوان سنوورەکان و وتی: ئەم بابەتە پێویستی به بەدواداچوونه له ئاستی نیشتمانیدا.